عێراق و هەرێمی کوردستان چوونە ژێر باری هۆشدارییەکانی ئەمریکا لەبارەی جێبەجێکردنی سزاکانی سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، و ئەمڕۆ سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوەشێنرانەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 02:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە گەشتەکانیان بۆ ئێران ڕاگرتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ماهان هەفتانە سێ گەشتی چوون و هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە؛ کە ڕۆژانی سێشەممە و هەینی گەشتی بۆ هەولێر و بە پێچەوانەشەوە بۆ تاران ئەنجام داوە، و هەروەها ڕۆژانی هەینیش گەشتی بۆ سلێمانی و بە پێچەوانەشەوە بۆ تاران هەبووە، کە ئێستا سەرجەمیان ڕاگیراون.
لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی و بەپەلە کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەری وێستگەکان و هێڵە ئاسمانییەکان کراوە، پشت بە ڕێنماییە فەرمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بەستراوە بۆ ڕاگرتنی تەواوەتیی گەشتە ئاسمانییەکان بە هاتن و ڕۆیشتنەوە لە نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و ئێراندا.
نووسراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیارەکە لە کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەیینییەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت.