لە کاتێکدا حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان چڕکردووەتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران راستەوخۆ دەستوەردان لە دۆسیەکەدا دەکات و داوا لە گرووپە شیعییەکان دەکات چەکەکانیان ڕادەستی بەغدا نەکەن.
چونکە تاران ئەم پرسە بە بەشێک لە "تەوەرەی بەرگریی هەرێمی" دەزانێت نەک پرسێکی ناوخۆیی عێراق.
ماڵپەڕی "الحرة" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا لە زاری سەرچاوە سیاسی و ئەمنییەکانەوە ئاشکرای کردووە کە بەرپرسانی سەر بە سوپای پاسداران، تەنیا چەند ڕۆژێک دوای متمانەبەخشین بە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، پەیامێکی توندیان گەیاندووەتە سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە تاران بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادات چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، بەو پێیەی پێیان ڕاگەیاندوون: "ئەم چەکانە هی ئێوە نین تاوەکو مافی ڕادەستکردنیانتان هەبێت."
ئەم دەستوەردانەی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا، گوشارەکانی بۆ سەر بەغدا و چوارچێوەی هەماهەنگی چڕکردووەتەوە تاوەکو کۆتایی بە هەژموونی ئەم گرووپانە بهێنن.
بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین جار نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکایان لە عێراق کردە ئامانج.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەکە ئەم گوشارانەی تاران و واشنتن، گرووپە چەکدارەکانی عێراقی بەسەر دوو بەرەی دژبەیەکدا دابەش کردووە:
بەرەی میانڕەو؛ ئەسایب ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی: ئەم دوو گرووپە (کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناسێنراون) ڕایانگەیاندووە کە فەرماندەیی لیوا چەکدارەکانی خۆیان لەناو حەشدی شەعبیدا ڕادەستی دەوڵەت کردووە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی پێگەی سیاسی و ئابووری خۆیان لە قۆناغی داهاتوودا.
بەرەی توندڕەو (کەتیبتەکانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا): بە توندی دژی چەکداماڵین وەستاونەتەوە و پێیان وایە تاوەکو "هێزی بیانی" لە عێراق مابێت، قسەکردن لەسەر چەکداماڵین هێرشە بۆ سەر پڕۆژەی بەرگری؛ بەهۆی ئەم هەڵوێستەشەوە لە میدیاکانیانەوە هێرش و سووکایەتی بەو گرووپانە دەکەن کە چەکەکانیان ڕادەست کردووە.
هەڵوێستی حکومەتی نوێی عێراق
سەرچاوەیەکی ئەمنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەم دابەشبوونەوە، پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردەی کوتلە چەکدارەکان بە تەواوی پچڕاوە.
لاى خۆشیانەوە، فازڵ ئەبو ڕەغیف، شرۆڤەکاری ئەمنیی عێراقی ڕایگەیاندووە کە ئەم گوشارەی ئێران "چاوەڕوانکراو بوو"، چونکە بۆ تاران پرسی چەکی مقاوەمە پرسێکی "بوونیی دەرەکییە" و نایەوێت ئەو پڕۆژەیە لێکترازێت.
سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، حکوومەتەکەی عەلی ئەلزهێدی دەیەوێت بەبێ پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بهێڵێتەوە.
هاوکات هۆشداریی داوە کە هەر گرووپێک یاساکە ڕەتبکاتەوە، وەک "ڕێکخراوێکی نایاسایی" دەناسرێت و ڕووبەڕووی ڕاودوونیانی دادوەری و ئەمنی دەبێتەوە.