حکومەتی عێراق دۆسیەی ئەمنیی ناو شارەکان ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ دەکات، چونکە بڕیاری داوە هێزە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە ناوەندە مەدەنییەکان بباتە دەرەوە.
هەرچەندە وەزارەتی بەرگری ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ڕووداوەکانی ناوچەکەوە جێبەجێکردنی ئەو پرسە دواکەوتووە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە بەمزووانە دیاردەی چەکداریی ناو شارەکان کۆتایی پێدەهێنرێت.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباح"ی فەرمی ڕایگەیاندووە، بەگوێرەی پلانێکی پێشوەختە و لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکاندا، پێش کۆتایی ئەمساڵ هێزە سەربازییەکان لە ناو شارەکان دەبرێنە دەرەوە.
لەبەر ئەوەی حکومەت دەیەوێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بمێنێتەوە؛ لەبەر ئەودەمەش دۆسیەی ئەمنیی لە وەزارەتی بەرگری دەسەندرێتەوە و ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ و یەکە جیاوازەکانی دەکرێت.
هاوکات گوتەبێژەکە ڕوونکردنەوەی زیاتری دا و ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری تەنیا دۆسیەی ئاسایش، پاراستنی سنوورەکان و سەروەریی وڵاتیان پێدەسپێردرێت.
لەلایەکی دیکەوە، لیوا تەحسین خەفاجی، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاشکرای کرد کە ئەگەرچی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جەنگی دەوروبەرەوە پرسی ڕادەستکردنی دۆسیە ئەمنییەکە دواکەوت، لێ لەگەڵ ئاساییبوونەوەی دۆخەکەدا، بەمزووانە پلانەکە جێبەجێ دەکرێت تاوەکو بە یەکجاری کۆتایی بە دیاردەی چەکداری لە ناو شارەکاندا بهێنرێت.