ڕاستەوخۆ

حکومەتی عێراق: بەردەوامین لە ڕاوەدونانی گەندەڵکاران

reset font size increase font size

حکومەتی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەسەر پڕۆسەی ڕاوەدوونانی تۆمەتبرانی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت بەردەوامن.

لەو چوارچێوەیەدا، نووسراوی فەرمی ئاراستەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ) کراوە بۆ دەستگیرکردنی نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە" و ڕادەستکردنەوەی بە بەغدا، ئەم هەنگاوەش پشتیوانیی بەهێزی یاساناسان و ڕای گشتیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

نوور زوهێر جاسم، تۆمەتباری ژمارە یەکی دۆسیەی "دزیی سەدە"یە، کە تێیدا بڕی 3 تریلیۆن و 800 ملیار دینار (نزیکەی 4 تریلیۆن دینار) لە هەژماری بانکی ڕافیدەین لە ڕێگەی پێنج کۆمپانیای وەهمییەوە ڕاکێشرا بوو. ناوبراو پێشتر بە کەفالەت ئازاد کرا بەو مەرجەی پارەکان بگەڕێنێتەوە، بەڵام بەهۆی جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکەی و تەنیا گەڕاندنەوەی 365 ملیار دینار، بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵات.

لە کاردانەوەی ئەمەشدا، دادگەی تاوانەکانی کەرخی بەغدا لە 25ی تشرینی دووەمی 2024، سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاند و لە ئێستاشدا دادوەریی عێراق لە ڕێگەی ئینتەرپۆڵەوە بە فەرمی داوای دەستگیرکردنەوەی دەکات.

بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە ناوەندە یاساییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە. حەیدەر زاڵمی، شارەزای یاسایی لەگەڵ کۆمەڵێک لە پسپۆڕانی دیکەی عێراق، وێڕای ستایشکردنی ئەم بڕیارە ڕایانگەیاند، کە ڕاپێچکردنی نوور زوهێر هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەروەربوونی یاسا و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت.

یاساناسان جەخت دەکەنەوە، بەپێی ئەو بڕگەیەی لە یاسای لێبوردنی گشتیی پەسەندکراوی پەرلەماندا هاتووە، ئەو کەسانەی موڵک و سامانی گشتییان بردووە، بە هیچ شێوەیەک یاسای لێبوردنی گشتی نەیانگرێتەوە و سزاکەیان سوک نەکرێت، تا ئەو کاتەی تەواوی ئەو پارەیەی دزیویانە (کە بۆ نوور زوهێر نێزیکەی 4 تریلیۆن دینارە) بە تەواوەتی نەگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

حکومەتی عێراقیش ڕژدبوونی خۆی دووپات کردووەتەوە، کە لێبوردنی گشتی نابێتە چەترێک بۆ پاراستنی گەندەڵکاران و مەرجی سەرەکی بۆ سووککردنی سزا یان سوودمەندبوون لە لێبوردن، تەنیا و تەنیا گەڕاندنەوەی سەد لە سەدی سامانی دزراوی گەلە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.