لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامارێکی نوێی لەبارەی رووبەری لەوەڕگاکان و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، وەبەرهێنان لە دابینکردنی ئاسایشی ئاودا دەکات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لەوەڕگا و دەشتە سرووشتییەکان نزیکەی دوو ملیۆن هێکتار لە رووبەری هەرێمی کوردستان دادەپۆشن، کە دەکاتە نزیکەی 40٪ی خاکی هەرێمەکە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم ناوچانە خاوەنی 8 هەزار ساڵ لە نەریتی بەردەوامن و بۆ ماوەی هەزاران ساڵە سەرچاوەی بژێویی ژیانی ئاژەڵداران و دانیشتووانی ناوچەکەن.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە: "شانازی بە لەوەڕگاکانی کوردستانەوە دەکەین، کە پێویستییەکی سەرەکین بۆ ئاژەڵداران و زیندەفرەجۆری و تەندروستیی خاکەکەمان. پاراستنی خاکمان کۆماندەکاتەوە لەکاتێکدا خۆمان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا دەگونجێنین."
مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و رۆچوونی خاک
حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات و رایدەگەیێنێت، "زیادبوونی دیاردەی وشکەساڵی و رۆچوونی خاک، مەترسی بۆ سەر ئەم سیستمە ژینگەییە گرنگانە دروستدەکەن."
هەنگاوەکانی حکومەت بۆ پاراستنی بژێویی گوندنشینان
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە و بەهێزکردنی خۆڕاگری بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە چەند هەنگاوێک دەکاتەوە:
وەبەرهێنان لە دابینکردنی ئاسایشی ئاو و تەندروستیی ئاژەڵاندا دەکات و ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوانە، پاراستنی لەوەڕگاکان و سەرچاوەی بژێویی دانیشتووانی گوندەکانە.
ئەم پەیامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی بەبیابانبوون و وشکەساڵی، کە تێیدا جەخت لە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی خاک دەکرێتەوە.