متمانەی سیاسی و حوکمڕانیی هاوبەش
بەگوێرەی ڕاپۆرتی فەرمیی حکومەت، ماف و ناسنامەی پێکهاتە نەتەوەییەکان (تورکمان، کلدان، سریان، ئاشوور و ئەرمەن) و پێکهاتە ئاینییەکان لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015ی پەرلەمانی کوردستاندا کە بە کۆدەنگی پەسندکرا، پارێزگارییان لێدەکرێت.
لەسەر ئاستی جێبەجێکردنیش، لە کابینەی نۆیەمدا پێکهاتەکان خاوەنی 2 وەزارەتن؛ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەلایەن نوێنەری پێکهاتەی مەسیحی و وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەلایەن پێکهاتەی تورکمانەوە بەڕێوەدەبرێت.
کارنامەی ئەم کابینەیە جەخت لەسەر تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی وەک کورد، تورکمان، کلدان، ئاشوور، سریان، ئەرمەن، عەرەب، موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی، مەندائی و زەردەشتییەکان دەکاتەوە.
نەخشەی فرەئاینی؛ ژێرخانی پەرستگاکان بە ژمارە
ڕاپۆرتەکە وردەکاریی ناوازە لەسەر قەبارەی ئازادیی پەرستش و ژێرخانی ئاینی لە هەرێمەکەدا دەخاتە ڕوو:
مزگەوتەکان: 6,224 مزگەوت بۆ پەیڕەوانی ئاینی ئیسلام هەن، کە 454یان لەسەردەمی کابینەی نۆیەمدا بونیات نراون و نزیکەی 250 مزگەوتیش نوژەنکراونەتەوە.
کەنیسەکان: مەسیحییەت دووەم گەورەترین ئاینی هەرێمە؛ 273 کەنیسە، دێر و مەزارگەی فەرمی بۆ 14 مەزهەبی جیاوازی مەسیحی بوونیان هەیە. لە ساڵی 2005ەوە نزیکەی 20 کەنیسەی نوێ بونیات نراون و لە سەدا 70ی شوێنە پیرۆزەکانی مەسیحییەت نۆژەنکراونەتەوە. ئێستا پتر لە 350,000 مەسیحی لە هەرێم، کەرکووک و مووسڵ نیشتەجێن، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014دا 138,000 مەسیحیی دەشتی نەینەوا لە دەستی داعش ڕایانکرد و لە هەرێم حەوانەوە.
پێکهاتەی ئێزدی: وەک یەکێک لە کۆنترین ئاینەکان کە ژمارەیان لە نێوان 500 بۆ 700 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت، خاوەنی سەدان شوێنی پیرۆزن و ساڵانە پتر لە 200,000 کەس لە سەرانسەری جیهانەوە ڕوو لە پەرستگای (لالش) دەکەن، بەتایبەت لە کاتی جەژنی جەماییدا.
کەمینەکانی دیکە: نزیکەی 100,000 کەس لە پەیڕەوانی سابیئەی مەندائی، کاکەیی، شەبەک، فەیلی و زەردەشتییەکان لە هەرێمدا دەژین. بە گشتی، 325 شوێنی ئاینیی فەرمی بۆ ئێزدی و کەمینەکانی دیکە دابین کراون.
کەرتی پەروەردە و کلتور؛ پاراستنی زمانی دایک
ستراتیژیی حکومەت زەمینەی ڕەخساندووە تا نەوەی نوێی کەمینەکان لە چوارچێوەی سیستمی پەروەردەدا بە زمانی دایکی خۆیان بخوێنن:
خوێندنی تورکمانى: 19 قوتابخانەی تایبەت کە 1,995 قوتابی تێیدا دەخوێنن و 285 مامۆستا و فەرمانبەر بەڕێوەی دەبەن.
خوێندنی سریانى: 50 قوتابخانە بە پتر لە 6,690 قوتابی و 634 مامۆستا و کارمەند.
پڕۆگرامی ئێزدیاتی: 24,369 قوتابیی ئێزدی لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خوێندنی کوردیی تایبەت بە ئاینی ئێزدیاتی دەخوێنن. هاوڕێژ لەگەڵ ئەمەشدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییە تایبەتەکانی کلتور و هونەری تورکمانی و سریانییەوە، کار بۆ گەشەپێدانی فەرهەنگی ئەوان دەکات.
کۆمەڵگەی مەدەنی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی
ئێستا 36 ڕێکخراوی مۆڵەتپێدراو (32 ناوخۆیی و 4 نێودەوڵەتی) لە بواری بەهێزکردنی پێکەوەژیاندا لە هەرێمدا کاردەکەن. ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر بۆنە فەرمییەکان و پشووەکانی پێکهاتەکان، وەک ڕۆژی نیشتمانیی نوێژ لە 23ی نیسانی 2025 لەژێر دروشمی "بەرەو یەکێتی لە باوەڕدا".
لوتکەی ئەم متمانە نێودەوڵەتییە لە سەردانە مێژووییەکەی پاپا فرانسیس لە ئاداری 2021 بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ڕەنگی دایەوە، کە پێگەی هەرێمی وەک پایتەختی لێبوردەیی چەسپاند.
پێشمەرگە؛ قەڵغانی مرۆڤایەتی
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا بە شانازییەوە تەئکید دەکاتەوە کە لە سەردەمی شەڕی دژ بە داعشدا، هێزەکانی پێشمەرگە بوونە قەڵغانی پاراستنی مرۆڤایەتی و ڕێگەیان نەدا ناسنامە کلتوری و ئاینییەکانی ناوچەکە لەناو بچن؛ ڕۆڵێک کە لە ساڵانی 2016 و 2019دا لەلایەن باڵاترین نوێنەرانی ڤاتیکانەوە ستایشی بێپایانی کراوە.