دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر زێلینسکی, سەرۆکی ئۆکرانیا, لە نیویۆرک کۆبوونەوە جەنگی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێکرد.
دوای کۆبوونەوەیان هەردوو سەرۆک وەڵامی ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە و زێلینسکی ئاماژەی بەوە کرد، خوازیارە ترەمپ هاوکاری بکات بۆ ئەوەی جەنگەکە بە خێرایی کۆتایی پێبێت. لە بەرامبەریشدا ترەمپ گوتی: پێش زستان شتێکی گرنگ ڕوو دەدات.
زێلینسکی جەختی لەوە کردەوە کە ئۆکرانیا بۆ ئاگربەستێکی دوولایەنە لە بواری وزەدا ئامادەیە، دووپاتیشیکردەوە کە بۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵیش لەگەڵ ترەمپ و پوتین ئامادەیە و ئەوەشی وت: کێ بۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵی ئامادە نەبێت، ئەو نایەوێت جەنگ کۆتایی پێبێت.
هاوکات، هەردوو سەرۆکەکە ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد کە تاوتوێی بابەتی ڕادەستکردنی مووشەکی پاتریۆت بە ئۆکرانیا دەکەن و ترەمپش گوتی: کە ئەو بەرامبەر بەم بابەتە تێڕوانینی ئەرێنییە.