بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانەی کە بە ڕێگەی نایاسایی چوونە ناو شاری سیوتا سەر بە ئیسپانیا گەڕانەوە بۆ خاکی مەغریب.
سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسپانیا ڕایانگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی بە خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە 53 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
لە قۆناغی یەکەمی شەپۆلی کۆچدا، بەگوێرەی خومڵاندنی حکومەتی ناوەندی ئیسپانیا ژمارەی کەسانەی چوونەتە ئیسپانیا گەیشتووەتە 50 هەزار کەس، لە کاتێکدا ئیدارەی خۆجێی سیوتا باسی لەوە دەکرد کە ژمارەکە گەیشتووەتە 60 هەزار کەس.
لە لای خۆیەوە، خۆسێ مانوێل ئالبارێس، وەزیری دەروەی ئیسپانیا، لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەڵامی دەنگۆ و ئیدیعاکانی ڕای گشتی دایەوە و جەختیکردەوە کە نزیکەی هەموو ئەوانەی چوونەتە سیوتا گەڕاونەتەوە بۆ مەغریب.
ئالبارێس رایگەیاند: "لە سیوتاوە پەڕینەوە بۆ خاکی سەرەکی ئیسپانیا بێ پشکنینی پۆلیس و ناسنامە مەحاڵە. یەکپارچەیی ناوچەی شنگن بە تەواوی پارێزراوە، و دەبێت کۆتایی بە زانیارییە چەواشەکارەکان بهێنرێت."
جێی باسە، قەیرانەکە لە 30ی تەممووزدا سەری هەڵدا، کاتێک زیاتر لە 800 کۆچبەر لە کەناراوەکانی شارۆچکەی فەنیدەکی مەغریبەوە بە مەلەکردن هەوڵیان دا بچنە ناو شاری سەبتە، ئەمەش وای کرد پێدڕۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، ڕاگەیەنێت کە سەرچاوەکانی دەوڵەت خراونەتە گەڕ و یەکە سەربازییەکان ڕەوانەی ناوچەکە کراون.