یاسر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵ و پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان چڕ کردووەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران، ڕوونیشی کردەوە، کە ئەم ڕاگرتنە بارودۆخێکی کاتییە و کاریگەری لەسەر ئاستی پەیوەندییە مێژوویی و بەهێزەکانی هەردوو وڵات دروست ناکات.
ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە دوای ئەوە هات، ڕەوشی فڕۆکەوانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا تووشی ئاستەنگ بووەوە بەهۆی بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێرانیدا.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاندبوو، سەرجەم گەشتە ئاسمانیییەکانی نێوان ئێران و فڕۆکەخانەکانی عێراق بەتایبەت بەغدا و نەجەف ڕاگیراون، ئەمەش بەهۆی تووندکردنەوەی ڕێکارە نێودەوڵەتییەکان بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی تاراندا.
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد, بەغدا دەستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی کردووە بە مەبەستی بەدەرکردنی هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لەو سزایانە، تاوەکو ڕێگە بیدرێت گەشتە ئاسمانییەکان بۆ مەبەستی مرۆیی وەک چارەسەری پزیشکی، خوێندن و سەردانی ئایینی ئاسایی ببنەوە.
باڵیۆزی عێراق جەختی کردەوە کە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بڕبڕەی پشتی کەرتی گەشتیارییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرژەوەندییە ڕۆژانەیییەکانی هاووڵاتییانی هەردوو وڵاتەوە هەیە.