ڕاستەوخۆ

زەیدی: بە "هێزی یاسا" کۆتایی بە گەندەڵی و چەکی دەرەوەی دەوڵەت دێنین

reset font size increase font size


لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە بەغدا، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، نەخشەڕێگای حکومەتەکەی بۆ قۆناغی داهاتوو ئاشکرا کرد.

زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی بە "بڕیاری یەکلاکەرەوە" دەستی بە پڕۆسەی بنەبڕکردنی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک کردووە و رێگە نادات عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی دەرەکی.


 شەوی مێژوویی دەستگیرکردنی گەندەڵکارەکان


سەبارەت بە هەڵمەتە ئەمنییە چاوەڕواننەکراوەکانیش، زەیدی ئەو شەو و رۆژەی بە ساتێکی مێژوویی و یەکلاکەرەوە وەسف کرد، کە تێیدا ناوچەی سەوز بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا و هەڵمەتی گرتنی ژمارەیەک لە "کەسایەتییە بەهێز و خاوەن نفوزەکان" دەستی پێکرد.

ئەو بە توندی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەڵمەتە بەردەوامە و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە و چیتر هیچ حەوانەوەیەک بۆ گەندەڵکاران لە دەوڵەتی عێراقدا نییە.

 
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک

سەبارەت بە ئەولەوییەتەکانی حکومەتەکەیشی، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەڕەشەیەکی بوونی بۆ سەر دەوڵەت دەبینێت، بۆیە فەرمانی بە وەزیری دارایی کردووە هەژمارێکی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بکاتەوە.

هاوکات لە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەکدا، زەیدی ئاشکرای کرد کە کۆتایی ئەمساڵ "کۆنفرانسی سەروەری نیشتمانی" رادەگەیەنن بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

لە پەیوەندیش بە گرووپە چەکدارەکان، زەیدی ئاشکرای کرد کە چەکی گرووپەکانی وەک (سەرایا سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتائیبی ئیمام عەلی) رادەستی دەوڵەت کراوە و جەختیشی کردەوە کە بەرگری پێویستییەک بوو و ئێستا ئەو پێویستییە نەماوە.


ئابووری و پەیوەندییە هەرێمییەکان


لەبارەی هاوسەنگی هەرێمی و سیاسەتی ئابوورییەوە، زەیدی جەختی کردەوە کە "عێراق یەکەمە". لە دۆسیەی نەوتدا، داوای پێداچوونەوەی دادپەروەرانەی بە پشکی عێراق لە ئۆپێک کرد، بەو پێیەی عێراق قوربانی زۆری داوە و ژمارەی دانیشتوانی گەیشتووەتە ٤٧ ملیۆن کەس.

سەبارەت بە سەردانەکانی دەرەوەش، دوای واشنتن، یەکەم وێستگەکانی تورکیا، ئێران و سعودیە دەبن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان.

 لە ئاستی ئابووریشدا، زەیدی بوونی قەیرانی دارایی خنکێنەری رەتکردەوە و پلانی دامەزراندنی "سندووقی وزە و گەشەپێدان"ی راگەیاند.


پەیمانێکی تایبەت بۆ خزمەتی گەل


لە کۆتاییدا، سەرۆک وەزیران بەڵێنی ئەوەی دا کە هیچ مووچە و دەرماڵەیەک وەرنەگرێت و هیچ دیارییەک، تەنانەت لە ئاستی وڵاتنی زلهێزیشدا بێت بێت، قبوڵ نەکات.

هەروەها بەڵێنیدا کە خۆی بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان کاندید نەکات و داوای خولی دووەمی سەرۆک وەزیرانیش نەکات.

 لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی مەترسییەکان، زەیدی گوتی: "من مردن وەک دیداری خودا دەبینم، و ئەمە هەرزانترین شتە کە پێشکەشی عێراقی بکەم".

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.