فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕووفاتی 153 قوربانیی شاڵاوی ئەنفال، کە زۆربەیان ژن و منداڵن و لە بیابانەکانی سەماوە دۆزراونەتەوە، دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان؛ هاوکات بڕیارە لە 1ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیشدا ڕووفاتی 26 قوربانیی دەستی داعش بگەڕێندرێنەوە شنگال.
بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بێسەروشوێنکراوانی سەر بە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی گەڕان و پشکنین بەردەوامن لە پشکنیی ئەو ناوچانەی گومان دەکرێت گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی تێدابێت، و لەم هەنگاوەدا توانیویانە ڕووفاتی 153 کەس لە ژن و منداڵی قوربانیی دەستی ڕژێمی پێشوو لە بیابانەکانی سەماوە بهێننەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئەمڕۆ نۆیەمین کاروانی ڕووفاتی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزدییەکان، پاش ئەوەی ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ لە بەشی پزیشکی دادوەریی بەغدا بۆ پشکنینی پزیشکی و دی ئێن ئەی (DNA) ماونەتەوە، ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە. ئەم ڕووفاتانە پێکهاتوون لە 26 کەس کە زۆربەیان خەڵکی گوندی کۆجۆنن و تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 70 ساڵدایە، کە لە ساڵی 2014 لەلایەن ڕێکخراوی توندڕەوی داعشەوە لە شنگال کۆمەڵکوژ کرابوون.