ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی ڕایگەیاند، ململانێ و کێشە یاسایی و سیاسییەکانی ناو پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن (جەهەپە) کە لە هۆڵەکانی کۆنگرەوە گوازراونەتەوە بۆ دادگەکان، پەیوەندییان بەوانەوە نییە و بە هیچ شێوەیەک خۆیان تێوەناگلێنن.
ئەردۆغان جەختی کردەوە، لەم قۆناغە هەستیارەدا لە پێشینەی کارەکانیان تەنیا کارکردنە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی "سەدەی تورکیا".
لە بارەی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەییشەوە، ئەردۆغان ئاماژەی بە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کرد و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو ئەکتەرە سیاسییەکان بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە هەڵگرن.
گوتیشی، ئەرکی سەرجەم سیاسییەکانە کە بە دڵسۆزییەوە بەشداریی لەم پرۆسەیەدا بکەن. ئەردۆغان لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی بە زەحمەتی زۆردا تێدەپەڕێت و ئەوان کاتیان بۆ بەفیڕۆدان لەسەر تووڕەیی و شەڕی بێسوود نییە، بەڵکو تەنیا خەمی ئەوان ئایندەی تورکیایە.