ڕاپۆرتی/ کوردستان لەزگییەڤا
22 وڵات لە ڕێگاى پێکهێناى هاوپەیمانیەک ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند، ئەوەش لەکاتێکدایە، گرژییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بووەتە هۆى ڕاگرتن و کەمکردنەوەى بڕى بەرهەمهێنان و هەناردەى سوتەمەنى.
ئەو وڵاتانەش بریتین لە سعودیە، بەحرەین، ژاپۆن، کەنەدا، کۆریای باشوور، نیوزلەندا، ئوسترالیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، چیک، سلۆڤینیا، ڕۆمانیا، هۆڵەندا، نەرویج، سوید، فینلاند، دانیمارک، لاتڤیا، ئیستۆنیا و لیتوانیا.
هاوپەیمانییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دەبێت دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی ڕابگیرێت و هاوکات هێرشەکانى ئێرانیان بۆسەر کەشتیەکان ئیدانەکردووە، بەڵام وردەکارى دیکەیان سەبارەت بەو هەنگاوانەى دەیگرنەبەر لە داهاتوودا نەخستووەتەڕوو.
دەشڵێن، جەخت لەسەر هەنگاوەکانی سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی وزە دەکەینەوە لەوانەش کارکردن لەگەڵ هەندێک وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت بۆ زیادکردنی بڕى بەرهەمهێنان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ ئەو وڵاتانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام چاودێران دەڵێن، بۆ دڵنیابوون لە گەشتکردن بەناو گەرووەکەدا پێویستە کەشتى جەنگى جێگیربکرێت.
هەروەها، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو: بە پلەی یەکەم پێویستی بە پشتیوانی سیاسی هەیە، نەک هاوکاری سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
هاوکات، عەباس عێراقچى ڕایگەیاندووە: وڵاتەکەى گەرووى هورمزى بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بەڵام تەنها بەڕووی کەشتیەکانی وڵاتانى دوژمندا داخراون، ئەگینا کەشتییەکانی وڵاتانی دیکە ڕێگەیان پێدەدرێت بەو گەرووەدا تێپەڕن.
لەوبارەوە عەلی موسەوی، نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی گوتى: کەشتییەکانی وڵاتانی دۆست هەماهەنگیی لەگەڵ تاران دەتوانن بە گەرووەکەدا تێپەڕن.
کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیی فەرەنسى بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەرهەمهێنانی نەوت و غازی بە ڕێژەی 15% کەمکردەوە، لەکاتێکدا کار لە پاڵاوتگەى ساتۆرپ لە سعودیە و کێڵگەی نەوتی ئەلشەهین لە قەتەر و کێڵگەی نەوتی حەلفایا لە عێراق دەکەن.
کۆمپانیای نەوتی بەریتانی بی پی پێشتر ڕۆژانە 500 بەرمیل نەوتى لە کێڵگەى فوجەیرە لە ئیمارات بەرهەمدەهێنا، کە بە سێیەم گەورەترین ناوەندی جیهان دادەنرێت بۆ هەڵگرتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان، بەڵام لە ئێستادا نزیکەی لە 10%ـى ئەو نەوتە بەرهەم دەهێنێت.
کۆمپانیای شێڵ کارگەی شلکردنەوەی پیرڵ جی تی ئێڵ لە قەتەر بەڕێوەدەبات، بەڵام لە ڕۆژى ٢٧ـى ئازارەوە داخراوە، هەروەها کۆمپانیاکە خاوەنی لە ٣٠%ـى پشکەکانی کۆمپانیای قەتەر ئینێرجییە و بە گشتی وزەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 11%ـى کۆی بەرهەمی کۆمپانیای شێڵ پێکدەهێنێت.
کۆمپانیای ئێنی ئیتاڵی کارمەندەکانى لە کێڵگەی نەوت و غازی زوبەیر لە عێراق کەمکردەوە لەکاتێکدا چەندین جار هێرشی کراوەتە سەر و لە ئێستادا سەرجەم کارەکانى لە ئیمارات و عێراق ڕاگرتووە.