ڕاپۆرت- ڕێژنە سەردار
مەترسی چەکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی جەنگی ئێرانەوە پەرەی سەندووە، نەک تەنها لەبەرئەوەی هێرش دەکرێتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئیسرائیل، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕەنگە وڵاتانی دیکەش بیر لەوە بکەنەوە کە بە هەبوونی چەکی ئەتۆمی سەلامەتترن.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار ڕایگەیاندووە، شەڕی ئێران بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمیە لەلایەن تارانەوە.
بەڵام، ئەم جەنگە بۆچونێکی نوێی دروستکردووە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا هەبوونی چەکی ئەتۆمی ڕێگری لە دوژمنەکانت دەکات هێرش بکەنە سەرت؟
زۆرجار چاودێرانی سیاسی کۆریای باکوور بە نمونە دەهێننەوە، کە چەکی ئەتۆمی پەرەپێداوە و بە "دیکتاتۆریەتی دەست لێنەدراو"ناوی دەبەن.
لە بەرامبەردا، ئۆکرانیا وەک نموونەیەکی پێچەوانە دەخەنەڕوو، کە لە ساڵی ١٩٩٤ ڕازی بوو دەستبەرداری ئەو پڕۆژەیە ببێت کە ئەوکاتە سێیەم گەورەترین بنکەی ئەتۆمی هەبوو لە جیهاندا، لە بەرانبەر گەرەنتی ئەمنی لەلایەن ڕووسیا و ئەمریکا و بەریتانیاوە.
ساڵانێک بوو ئێران بە "خاوەنی شاراوەی چەکی ئەتۆمی" ناسرابوو، شاراوەیی چەکی ئەتۆمی، کاتێکە کە وڵاتێک هەموو ئامرازەکانی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام هێشتا بەرهەمی نەهێنابێت.
ڕوپاڵ مێهتا، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە سەنتەری توێژینەوەی چەکی ئەتۆم کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، لە سەرەتای مانگی ئازاردا لە شرۆڤەیەکدا بۆ قوتابخانەی ئابووری لەندەن نووسیبووی، "ساڵانێکبوو ئێران تەنیا هەنگاوێکی مابوو بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و خۆپاراستن لەم هێرشەی ئێستا ڕوویداوە". ئاماژە بەوەش دەکات، هەبوونی بۆمبێکی تەواونەکراو لەلایەن ئێرانەوە، هەڵەیەکی کوشندە بوو.
ئەو گۆڕانکاریە ئەمنییانەی کە شەڕی ئێران لە ناوچەکەدا هێناویەتییە ئاراوە، دەتوانێ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وا لێ بکات بیر لەوە بکەنەوە، پێویستە چەکی ئەتۆمییان هەبێت.
کیلسی داڤێنپۆرت، بەڕێوەبەری سیاسەتی ڕێگریکردن و بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە کۆمەڵەی کۆنترۆڵکردنی چەک کە بنکەکەی لە واشنتۆنە، پشتڕاستی دەکاتەوە: کۆمەڵێک هۆکار هەن کە وڵاتانی کەنداو لە چەکی ئەتۆمی نزیکتر دەکەنەوە.
ئەو پێی وایە، وڵاتانی کەنداو لە نێوان خواستی هەژموونگەرایی ئێران و ئیسرائیلدا گیریان خواردووە و بەشێکیان باوەڕیان بە هاوپەیمانییە ئەمنییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لەدەستداوە.
داڤێنپۆرت دەڵێت: "هەرچەندە بەدووری نازانرێت هیچ کام لە وڵاتەکانی کەنداو دەستبەجێ دەستبکەن بە کارکردن بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام بەربەستی تەکنیکی و سیاسی بەرچاویشیان لەبەردەمدایە."
داڤێنپۆرت ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردەکانی ولاتانی کەنداویش چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ململانێکان دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە کوێدا کۆتایی دێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە ململانێکە دەبێتە هۆی بیرکردنەوە لە پێویستی چەکی ئەتۆمی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش.
لە ماوەی ڕابردوودا محەمەد بن سەلمان، حاکمی سعودیە ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێران بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت، ئەوا سعودیەش پێویستی بە هەبوونی بۆمبی ئەتۆمی دەبێت.
ڕۆبێرت کێلی، بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لەم هەفتەیەدا بە ئاژانسی میدیایی بلومبێرگ-ی ڕاگەیاندووە، ئەو بیرۆکەیەی کە ئیدارەی ئەمریکا ئامادەیە بۆ ئەوەی رێگا بە سعودیە بدات چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت و کەچی بەو هۆکارەش هێرش دەکاتە سەر ئێران و ئەوەش دووڕووییەکی گەورەیە.
لە لایەکی دیکەوە، ئیمارات لە ئێستاوە وێستگەیەکی کارەبای ئەتۆمی بە ناوی باراک" هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمریکا ڕێکەوتووە کارى پیتاندنی یۆرانیۆمى تێدا نەکات.
ڕۆبێرت کێلی دەڵێت: بۆ ئیمارات، چەکی ئەتۆمی زیاتربۆ شانازیی بووە بەوەی کە یەکەم نەتەوەی عەرەبییە پەرە بە هێزی ئەتۆمی بدات نەک ئامانجی سەربازی.
هەر لە درێژەی هەوڵی وڵاتە عەرەبییەکاندا، کارەکانی بیناسازی وێستگەی ئەتۆمی "ئەلدەبا" کە یەکەم وێستگەی ئەتۆمی میسرییە، نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژئاوای قاهیرەوە ئەنجام دەدرێت.
داڤێنپۆرت لە کۆمەڵەی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆم لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوتی، وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕەنگە لە ڕیزدا بن بۆ کارکردنی شاراوەیی ئەتۆمی بریتین لە میسر و تورکیا.
میسر بە هاوکاری لەگەڵ ڕووسیا سەرقاڵى دروستکردنی "ڕیاکتۆرێکی ئەتۆمییە" لە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، بەڵام چاودێران دەڵێن، میسر کە بە فەرمی بانگەشە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بێ چەکی ئەتۆمی کردووە، لە کێشەی داراییدایە و پێناچێت بەم نزیکانە بتوانێت هێزی ئەتۆمی بخاتە بەرنامەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا لە ئێستادا لەگەڵ ڕووسیا بەرنامەیەکی وزەی ئەتۆمی پەرەپێدەدات و ڕەنگە بەم نزیکانە داوای هاوکاری لە چینیش بکات، "بەڵام نابینم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناکۆکبن لەگەڵیاندا."
هەروەها داڤێنپۆرت ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بە وردی سەیری ئەم پرسە بکەیت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەندێک لەو دەوڵەتانەی کە زۆرترین ئەگەری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیان هەیە، لە حەوشەی پشتەوەی چیندان - وەک کۆریای باشوور، ژاپۆن.
ئاماژە بەوەش دەکات، وڵاتانی کەنداو دەتوانن هەوڵی قۆزتنەوەى ئەو پەیوەندیە خراپەی ئێستای نێوان ئەمریکا و ئەوروپا لە لایەک و ڕووسیا و چین لە لایەکی دیکە بدەن، بۆ ئەوەی بەربەستی گەشتنیان بە چەکی ئەتۆمی کەم بکەنەوە.



