ڕاستەوخۆ

1ـی ئایار لە نێوان شکۆی مێژوو و ئازاری کرێکارانی کوردستاندا

reset font size increase font size

1ـی ئایار تەنیا پشوویەکی فەرمیی نییە بۆ کرێکاران، بەڵکو یادی خوێنی ئەو کرێکارانەیە کە 140 ساڵ لەمەوبەر لە شیکاگۆوە هاواریان کرد، ئێمە مرۆڤین نەک ئامێر، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا جیهان یادی ئەم سەرکەوتنە دەکاتەوە، کرێکاری کورد لە نێوان کەلێنەکانی یاسا و مەترسییەکانی سەر تەلاری پڕۆژەکاندا، بەدوای کەرامەت و بژێوییەکی سەلامەتدا دەگەڕێت.

چیرۆکی ڕۆژی کرێکاران لە ساڵی 1886ـەوە دەست پێ دەکات، کاتێک سیستمی سەرمایەداری کرێکاری وەک سووتەمەنی کارگەکان دەبینی، مانگرتنی مێژوویی کرێکارانی شیکاگۆ بۆ کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار بۆ 8 کاتژمێر بووە وەرچەرخانێکی جیهانی، لە عێراقیشدا، لە ساڵی 1959ـوە ئەم ڕۆژە وەک دانپێدانانێک بە مافی ئەو چینە ماندووە ناسێندرا کە بڕبڕەی پشتی ئابووری وڵاتە.

کرێکار کێیە؟ بەگوێرەی یاسای نوێی کار لە هەرێمی کوردستان، هەر کەسێک لە بەرانبەر موچەیەکدا کارێکی جەستەیی یان فیکری بکات، پێی دەگوترێت کرێکار، هەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2023، هەنگاوێکی گەورەی نا بۆ چەسپاندنی مافەکانی وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی، مۆڵەتی دایکایەتی، و قەدەغەکردنی کارکردنی منداڵان، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە، ئایا یاساکە لە شوێنی کار جێبەجێ دەکرێت یان تەنیا لەناو ڕەفەی دادگەکاندایە؟

لە هەرێمی کورستان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 80 کرێکار لە کاتی کاردا گیانیان لە دەستداوە، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە باڵاخانەکان و تەزووی کارەبا و کاتی کاردا.

بۆ کرێکاران یەکی ئایار تەنها ڕۆژێکی بێ بازاڕییە؛ چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا وەک پێویست بایەخی کاری دەستی و پیشەیی نەچووەتە ناو قووڵایی کلتورەکەیەوە، کرێکار لە نێوان نائومێدیی پیشەیی و کەمتەرخەمیی خاوەنکارەکاندا، بە تەنیا ماوەتەوە، ئەمساڵیش ئەم یادە تێدەپەڕێت، بەڵام برینی ئەو کرێکارانەی بەبێ دەستەبەری و بەبێ قەرەبوو دەبنە قوربانی، هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە، پێویستە ئەم یادە بخرێتە خزمەت فشارکردن بۆ جێبەجێکردنی سەلامەتی پیشەیی و بەکارخستنی دادگەی کار، تاوەکو چیتر نانی کرێکار بە خوێنی دانەپۆشرێت و نەبێتە قوربانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.