کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق بە فەرمی دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکانی نێوان شاری کەرکووک و شاری ئەنتاڵیای تورکیای لە ڕێککەوتی 14ـی تەممووزی 2026ـەوە ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیاکەدا هاتووە، کەرتی گواستنەوەی نیشتمانیی عێراق هێڵێکی نوێی گەشتیاریی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووکەوە بەرەو شاری ئەنتاڵیا کردووەتەوە، ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ پشووی هاوینە و بەرزبوونەوەی ئاستی داواکاری و زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچە گەشتیارییە.
مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق ڕایگەیاند: "قۆناغی یەکەمی کارپێکردنی ئەم هێڵە ئاسمانییە نوێیە، بە شێوازی دوو گەشت لە هەفتەیەکدا دەبێت، کە لە ڕۆژانی (سێشەممە و هەینی)دا ئەنجام دەدرێن، ئەمەش بە مەبەستی پێدانی دەرفەتی تەواو و گونجاوە بە هاووڵاتییان و گەشتیاران بۆ بڕینی بلیتەکانیان بەرەو وڵاتی تورکیا."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە پلان و کارنامەی داهاتوویان لەسەر بنەمای فراوانکردنی تۆڕی گەشتەکانی گواستنەوەی نیشتمانی و پێشکەشکردنی باشترین بژاردە و خزمەتگوزاریی گەشتکردن دەبێت بۆ سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق.