لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ لە ئێران، شەپۆلێکی دیکەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستی پێکردووە.
بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە شاری سەقز لانیکەم پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی کوروش زوهرابی، بەختیار تاوسی، محەمەد شەریفی، ئەفشین نەجمی و کیانوش عادلپوور لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
هەروەها رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت لە شاری بانە هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی دیاکۆ ئەیازی دەستبەسەر کردووە.
لەگەڵ بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران، غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران، جارێکی دیکە هەڕەشەی سزادانی توندی لەو کەسانە کرد، کە ئەو بە "خائین" ناوی بردن و ڕایگەیاند، ئەو کەسانە بە گوێرەی یاسا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
ناوبراو جەختی لە گرنگیی هەڵمەتەتی دەستگیرکردنەکان کردووە و ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی بڕینی تۆڕە سیخوڕییەکانی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل.