ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی ئاوی عەمبار کراو لە بەنداو و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا لە 9 ملیار مەتر سێجا تێپەڕی و زۆربەی بەنداوەکانیش گەیشتوونەتە قۆناغی پڕبوون.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم ڕاگەیاند، سەرجەم بەنداو و پۆندەکانی هەرێمی کوردستان پڕ بوون و لێیان دەڕژێت، جگە لە بەنداوی دووکان لە سلێمانی و بەنداوی گۆمەسپان لە هەولێر.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان خاوەنی 25 بەنداو و 178 دەریاچەی دەستکردە، کە ساڵانە بۆ عەمبار کردنی ئاو بەکاردەهێنرێن.
ڕەحمان خانی ڕوونی کردەوە، بەنداوی دەربەندیخان نزیکەی 3 ملیار مەتر سێجا ئاوی عەمبار کردووە، بەنداوی دهۆکیش لە 50 ملیۆن مەتر سێجا تێپەڕیوە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەنداوی دووکان تەنها پێویستی بە یەک مەتر و 15 سانتیمەترە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی پڕ ببێت، لە کاتێکدا کۆی گشتی ئاوی کۆگاکراو لە سەرجەم بەنداوەکاندا زیاتر لە 9 ملیار مەتر سێجایە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەلێت، 11 بەنداو و 58 دەریاچەی دەستکردی دیکە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردن و دروستکردندان.