بەڕێوەبەری دەستەی گشتی گومرگی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕۆژی 3ـی ئەم مانگەوە سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی گوتووە، لە ڕۆژی 3ـی نیسانی 2026ـەوە سیستمی ئەسیکۆدا بۆ هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لە سنوری پارێزگای دهۆک دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جێبەجێکردنی سیستەمەکە دەرفەت بۆ هاوردەکاران دەڕەخسێنێت، دراوی بیانی بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق دەستبخەن و ئەوانیش دەتوانن، چاودێریی توندتر بخەنە سەر جوڵەی ئەو شمەک و کاڵایانەی دێنە ناو وڵاتەوە.
گوتووشیەتی، ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینرێت.