ڕاستەوخۆ

ترەمپ: کەسی دووەمی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە ئەفریقا کوژرا

reset font size increase font size

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەناوبردنی یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە کیشوەری ئەفریقا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە بەمە گورزێکی کوشندە لە چالاکییە جیهانییەکانی ئەو ڕێکخراوە دراوە.

میدیای فەرمی ئەمریکا لە زاری دۆناڵد ترەمپەوە بڵاویکردەوە، ئەمشەو بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەو، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی نێجیریا، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی "زۆر ئاڵۆز و وردیان" بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کردووە، کە تێیدا ئەبو بیلال ئەلمینۆکی، کەسی دووەمی ڕێکخراوی داعش لەسەر ئاستی جیهان کراوەتە ئامانج و کوژراوە.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، "ئەبو بیلال ئەلمینۆکی کە "چالاکترین تیرۆریستی جیهان بوو" لە گۆڕەپانی جەنگدا، پێی وابوو دەتوانێت لە ئەفریقا خۆی حەشار بدات، بەڵام نەیدەزانی کە ئێمە سەرچاوەی هەواڵگریی تایبەتمان هەبووە و بەردەوام ئاگاداری کار و جووڵەکانی بووین."

سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی نووسینەکەیدا ئاماژەی بە مەترسییەکانی ئەو سەرکردەیەی داعش کرد و گوتی،"ئەو چیتر ناتوانێت گەلی ئەفریقا بتۆقێنێت، یان هاوکار بێت لە داڕشتنی پلان بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی ئەمریکی. بە لەناوبردنی ئەو، ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکانی داعش بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەبن."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ سوپاسی حکومەتی نێجیریا و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەی کرد بۆ ئەو هاوبەشی و هاوکارییە نزیکەی لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا نیشانیانداوە و پەیامەکەی بە دەستەواژەی "خودا ئەمریکا بپارێزێت" کۆتایی پێهێنا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.