ئەمڕۆ خولی سێیەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری عەمان لە جنێف بەڕێوەدەچێت. دانوستانەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچن و بەدر بوسەیدی وەزیری دەرەوەی عەمان پەیام و پێشنیارەکانی هەردوولا لە نێوان شاندی ئێران و ئەمریکا دەگەیەنێت.
لەبەرئەوەی گفتوگۆکان ناڕاستەوخۆن، شاندەکان ناچار دەبن بگەڕێنەوە پایتەختەکانیان و ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان بکەن بۆ پێداچوونەوە بە هەر پێشنیارێک یان داواکارییەک.
زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە بڕیاری کۆتایی لە تاران لەگەڵ عەلی خامنەیی و لە واشنتۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەدرێت.
لە ژینگەیەکی وادا کەسایەتی دانوستانکارانی هەردوولا و هەروەها ڕۆڵی ناوبژیوان گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
ئەم ڕاپۆرتە ئەندامانی سەرەکی تیمەکانی دانوستانکار و ڕۆڵیان لەم پرۆسەیەدا دەناسێنێت.
ستیڤ ویتکۆڤ

ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پارێزەرێکی ملیاردێر و سەرمایەداری خانووبەرەیە، کە بەبێ ئەزموونی دیپلۆماسی و سیاسی بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەی کۆشکی سپی و دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران.
ویتکۆڤ، دۆستایەتییەکی لەمێژینەی لەگەڵ ترەمپدا هەیە، یەکێکە لەو چەند کەسە نزیکانەی ترەمپ کە دوای شکستی هەڵبژاردنەکانی لە ساڵی 2020، دۆسیە یاساییەکانی ترامپی گرتە دەست و پارێزگاری لێ کرد. ئەمەش وایکردووە متمانەی نێوانیان هێندەی تر بەهێزبێت.
سەرسامییەکی ئێجگار زۆری بە ترەمپ هەیە و بە بەهێزترین پیاو ناوی دەبات کە تا ئێستا ناسیبێتی.
لە مەسقەت و ڕۆما، تا دەگاتە دانوستانەکانی ئێستای جنێڤ لەگەڵ ئێران سەرکردایەتی دانوستانەکانی کردووە.
لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ویتکۆف سەبارەت بە شێوازی دانوستانەکان دەڵێت، هەوڵدەدەم خۆم بخەمە شوێنی لایەنی بەرامبەر و بزانم چییان دەوێت، دواتر دەبێت بزانین چیمان پێدەبەخشن، بۆ ئەوەی بتوانین بە دەستی پڕەوە بڕۆینەوە.
جارێد کوشنەر

جارێد کوشنەر،تەمەنی 45 ساڵە و زاوای ترامپە، ئەزمونی دیپلۆماسی نییە، بەڵام ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بەتایبەتی لە سیاسەتەکانی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک بوو، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دانوستانەکانی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام.
ترەمپ، ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت کوشنەر وەک نێردەی ئاشتی لە ئیدارەکەیدا هەڵبژێرێت.
پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نوەڕاست هەیە، لەوانە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە.
هەروەها وەبەرهێنان و پڕۆژە داراییەکانی لە ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت.
بەدر بوسەیدی

بەدر بن حەمەد بوسەیدی وەزیری دەرەوەی عەمانە، تەمەنی 66 ساڵە و لە بنەماڵەیەکی کاریگەری دادگای عەمان لەدایکبووە، باوکی ساڵانێکی زۆر وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری سوڵتان قابوس پاشای عەمان بووە.
بەدر بوسەیدی، کە لە تەمەنی 30 ساڵییەوە لە وەزارەتی دەرەوەی عەمان دەست بەکار بووە، دەرچووی زانکۆی ئۆکسفۆردە لە بەریتانیا.
ئەزموونێکی دیپلۆماسی ئێجگار زۆری هەیە، سەرکردایەتی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و عومان بوو بۆ ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمریکا و عومان لە ساڵی 2006 .
ئێستا نێوەندگیری دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەکات.
عەباس عێراقچی

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، تەمەنی 63 ساڵە، لە شاری تاران لە دایکبووە. سەردەمانێک بە یەکێک لە کەسایەتییە بەهێزەکانی ژووری بازرگانی ئێران دادەنرا.
لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا و لە ساڵی 1979 پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە کردووە و بەشداری شەڕی ئێران و عێراقی کردووە.
دوای تەواوکردنی خوێندن لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران، بە فەرمی وازی لە سوپای پاسداران هێناوە، هەرچەندە خۆی دەلێت "دڵی هەمیشە لەگەڵ سوپای پاسداراندایە".
ساڵی 1999 وەک باڵیۆزی ئێران لە فینلاند دەستنیشانکراوە.
ماوەیەکیش وەک باڵیۆزی ئێران لە ژاپۆن کاری کردووە و تیمی دانوستانەکانی ئێران بووە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
عەباس عێراقچی وەک کەسایەتییەکی هێمن لە ڕوخساردا، بەڵام توند لە ڕوانگەیدا بەرامبەر ڕۆژئاوا دەناسرێت.
کازم غەریبابادی

کازم غەریبابادی تەمەنی 51 ساڵە و دەرچووی بەشی پەیوەندییە سیاسییەکانی وەزارەتی دەرەوەیە.
ئەو بەشەی کە تەنیا ئەو کەسانەی کە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە پەسەند کراون، ڕێگەیان پێدەدرێت تێیدا بخوێنن.
غەریبادی لە ساڵی 1997 ، بووەتە سەرۆکی بەشی ئاسیا و زەریای هێمن لە پەرلەمانی ئێران. دواتر پۆستی بریکاری وەزارەتی دەرەوەی وەرگرتووە.
ناوی غەریبابادی لە مێژە پەیوەستە بە دۆسیە گرنگەکانی ئێرانەوە. سەرۆکایەتیی چەندین شاندی ئێرانی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کردووە. ساڵی 2013 لە سەردانێکیدا بۆ زیندانی ئەوین لە تاران، کە بە گەورەترین و توندترین زیندانی ئێران دادەنرێت وتی: مۆدێلی بەڕێوەبردنی زیندانەکەمان مرۆڤدۆستانەیە و لە ئاست ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندایە.
غەریبادی سەرکردایەتی تیمی دانوستانکاری ئەتۆمی ئێران بووە لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاددا،هەروەها ماوەیەک باڵیۆزی هۆڵەندا بووە و ماوەیەکیش وەک نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەڵبژێردراوە.
ئێستا، غەریبابادی وەک جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری نێودەوڵەتی لە تیمی دانوستانکاری ئەتۆمی ئێران کاردەکات.