لە شاری بروکسلی پایتەختی بەلجیکا، کۆنفرانسی "نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان" بە بەشداریی نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و کەسایەتییە دیارەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی جیهان بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە کە بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ساز کرابوو، ڕاگەیەندراوی کۆتایی خۆی بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆنفرانسەکە، ئامانجی سەرەکی بریتییە لە دانپێدانانی فەرمی بە نەتەوەی کورد و بەدەستهێنانی مافی پێگەی چاودێر لە نەتەوە یەکگرتووەکان (هاوشێوەی پێگەی فەلەستین).
بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەکی سەربەخۆ بە ناوی "کۆمیتەی جێبەجێکردنی نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکان" پێکهێنرا بۆ سەرپەرشتیکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان. هەروەها بڕیار درا کە هەڵمەتێکی فراوان بۆ کۆکردنەوەی ملیۆنان واژۆ لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەست پێ بکات تاوەکو پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەت ئەو پێنج وڵاتەی کە خاوەن مافی ڤیتۆن کراوە کە پشتیوانی لە داواکارییە ڕەواکەی کورد بکەن. هاوکات پەیامێکیش ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا کراوە و داوایان لێ کراوە کە نەبنە ڕێگر لە بەردەم ئەم هەوڵە نێودەوڵەتییەدا.