کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی تۆماری نوێی کەمئەندامان و بەستنی هاوکاریی دارایی بۆ 205 هەزار خێزانی هەژار، ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکەن.
لە لێدوانێکدا بۆ نووچە تیڤی، کوێستان محەمەد ڕوونی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی لە سەردانەکەیان دابینکردنی هاوکاریی داراییە بۆ خێزانە هەژارەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو هاوشێوەی ناوەڕاست و باشووری عێراق ساڵانە سودمند ببن لە چوار پاکێجی زیادەی هاوکاری.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کرد، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا تایبەت دەبێت بە دۆسیەی کەمئەندامان؛ لە کاتێکدا ئێستا 70 هەزار کەمئەندام لە هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن، 13 هەزار کەمئەندامی دیکەش لە تۆماری نوێدا ناویان تۆمار کراوە و پێویستیان بە یەکلاییکردنەوە هەیە.
جەختیشی کردەوە کە ئەوان چاوەڕوانی دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەکەن لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.