ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری کرماشان، دوو کەسیان لە ئەندامانی بنەماڵەی دوو گەنجی یارسان دەستبەسەر کردووە. ئەم دەستگیرکردنەش ڕێک لەو کاتەدا بووە کە بنەماڵەکەیان سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی چلەی کۆچی دوایی کچ و کوڕەکانیان.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی "موجتەبا و مەیسەم ویسی" و لەوێدا "فەروود ویسی" (برای موجتەبا و مەیسەم) و "فەرهاد غەفووریزادە" (کە پورزایانە) دەستبەسەر کراون.
تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکە و شوێنی ڕاگرتنی ئەو دوو هاووڵاتییە بە نادیاری ماوەتەوە و دەزگا ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بە بنەماڵەکەیان نەداوە، ئەمەش نیگەرانیی توندی لای کەسوکاریان دروستکردووە.
موجتەبا و مەیسەم ویسی، دوو برای سەر بە ئایینی یارسان و چالاکوانی کلتووریی شاری کرماشان بوون، کە لە ٢٨ی ئایاری ڕابردوودا لە ئەنجامی گەمارۆدان و تەقەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران گیانیان لەدەستدا.
دەستبەسەرکردنی ئەندامانی خێزانەکەیان لە کاتێکدایە کە سەرەڕای ئەو گوشارە ئەمنییانە، ڕێوڕەسمی چلەی ئەو دوو گەنجە بە بەشداریی بەگوڕی هاووڵاتییان لە ماڵی باوکیان بەڕێوەچوو.