لە چوارچێوەی پرۆسەی بەردەوامی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە کاروانێکی نوێی ئاوارەکانی سەرێکانی کە لە ٥٠٠ خێزان پێکهاتوون، بگەنەوە شارەکەیان و دەست بە ژیانی نوێ بکەنەوە.
بەگوێرەی زانیاریی دەزگا پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە کاروباری ئاوارەکان، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە ئامادەکاریی تەواودان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئەم خێزانانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئەم هەنگاوە گرنگە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دێتە ئاراوە، و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە پرۆسەکە بە فەرمی دەست پێ بکات.
لای خۆیانەوە، ئاوارەکانی سەرێکانی خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و ڕایانگەیاند، هیوادارین ئەم هەنگاوە سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییهاتنی ساڵانێکی زۆر لە دەربەدەری و خێراکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە و لێقەوماوانی ناوچەکە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان.