سیستمی حوکمڕانیی ئێران بەرگەی گورزی سەرەتایی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی گرت، کاتێک سەرکردە باڵا سەربازییەکان لەگەڵ ڕێبەری باڵا کوژران. بە کاتێکی کەم و دوای کەمتر لە 10 ڕۆژ ڕێبەری باڵای نوێی ئێران هەڵبژێردرا، ئەو کوڕی عەلی خامنەییە، موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵ.
موجتەبا خامنەیی ماوەیەکی زۆر لە نوسینگەی ڕێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی خزمەتی کردووە و پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. لە کاتی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بریندار بوو، بەڵام ئێستا سەلامەتە.
ماریا کیچا ڕۆژهەڵاتناس، نووسەری کتێبی مێژوو و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دامەزرێنەر و نووسەری ماڵپەری ئۆنلاین "یەکەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا، لەلایەن پێگەی ڕوسیای ئەمڕۆ چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە، ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

ماریا کیچا ڕۆژهەڵاتناس
پرسیار/ 10 ڕۆژی یەکەمی جەنگی ئەمریکا و ئێران چییان نیشان داوە؟ ئایا ئێران توانای بەرگەگرتنی دەستدرێژی هەیە بۆ ماوەیەکی زۆر؟
وەڵامی ماریا کیچا/ سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئێران لە دوای تیرۆرکردنی ڕەهبەر عەلی خامنەیی ئیفلیج نەبوو یان هەڵنەوەشایەوە، جگە لەوەش ئێران تا ئێستا داوای هاوکاری لە هاوپەیمانەکانی نەکردووە، تەنانەت ئەنساروڵا و حزبوڵای لوبنان. لەم نێوەندەدا، ئیسرائیل و ئەمریکا چالاکانە هەوڵدەدەن یاریزانانی دیکە بۆ ناو ململانێکان ڕابکێشن- لە لایەنی خۆیان و دژی ئێرانەوە- لە دەوڵەتانی ئەوروپا (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) تا دەگاتە پادشاکانی کەنداو و ئازەربایجان و کورد. دیارە ئیسرائیلییەکان و ئەمریکییەکان چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئێران نەبوون و هیوایان بە سەرکەوتنێکی خێرا و "تاران لە سێ ڕۆژدا" دەخواست، نەک هەڵمەتێکی سەخت و درێژخایەن و گرانبەها و خوێناوی.
پرسیار/ ئێران خۆی و جیهانی شیعە چۆن لە دۆخی ئێستا دەڕوانن؟
وەڵامی ماریا کیچا/ سەرەتا بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە پێویستە بزانین ئیمام حسێن کێیە، کەسایەتییەک کە لەلایەن شیعەکانەوە ڕێزی لێدەگیرێت. نەوەیەکی پێغەمبەر محەمەد، لە ساڵی 680 ڕەتیکردەوە بەیعەت بە خەلیفەی ئەمەوی، ئێزیدی یەکەم بدات، کە بە پێچەوانەی نەریتی باو، هەڵنەبژێردرابوو، بەڵکو دەسەڵاتی لە باوکی خەلیفە مەعاویە بە میرات وەرگرت.
ئیمام حسێن ڕەتیکردەوە شەرعیەت بدات بەو دەسەڵاتە و بە ناڕەوای دەزانی. دواجار ئیمام حسێن لەگەڵ 71 کەسی دیکە لە لایەنگران و خزمەکانی (لەوانەش زۆرێک لە نەوەکانی پێغەمبەر محەمەد) لە شەڕی کەربەلا گەمارۆ دران و کوژران.
بۆ شیعەکان شەڕی کەربەلا ناوێکی ئەخلاقی عەقیدەی تیۆلۆژی و هۆشیاری سیاسیانە. ئیمام حسێن بۆتە هێمایەکی بەردەوامی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری، تەنانەت کاتێک شکست حەتمی بێت. شەهیدبوونی ئەو باوەڕە بەرجەستە دەکات کە ئەگەر تووشی شکستی سەربازیش بیت، بەڵام لە ڕووی ڕۆحی و ئەخلاقییەوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
یادەوەری و ڕێزگرتنی ئیمام حسێن هەر لە سەرەتاوە کاریگەریی قووڵی لەسەر شۆڕشی ئیسلامی لە ئێراندا هەبووە. سەرکردەکان بانگەوازیان بۆ کەربەلا کرد و بەرەنگاربوونەوە لە بەرامبەر هەژموونی دەرەکی و پاوانخوازی ناوخۆیی وەک دووبارە خستنەڕووی مێژوو و خەباتی ئیمام حسێنیان. کولتوری سیاسی ئێران ڕەگ و ڕیشەی لە ڕەمزی کەربەلادا هەیە.
کاتێک سەرکردایەتیی ئێران ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل وەک خۆڕاگری لە بەرامبەر ئیمپراتۆریەت دەخاتەڕوو، ئەم گێڕانەوەیە سودی دەبێت، بە گوێرەی ئەو گێڕانەوەیە، دادپەروەری داوای قوربانیدان و شەهیدبوون لە بەرامبەر هێزی باڵای دوژمن دەکات. بەم پێیە تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی لە ڕێگەی ئەم باوەڕەوە لێکدەدرێتەوە.
بە گوێرەی ئیلاهیاتی سیاسی شیعە، شەهیدبوون (شوهدا) بۆ سەرکردە و دەسەڵاتی مەعنەوی کارەسات نییە، بەڵکو مردنێکی ئایدیاڵ و حەق و شەرەف و چارەنووسە. سەرکردە و دەسەڵاتدارێکی مەعنەوی، کە لەلایەن دوژمنێکی بەهێزەوە دەکوژرێت، دەبێتە شەهید و بەشێک لە مێژووی پیرۆزی بەرخۆدان. بەم شێوەیە لە چاوی شیعەکاندا، عەلی خامنەیی بووە بە ئیمام حسێنێکی سەردەم و بە هەمان هۆکار کوژرا کە ئیمامەکە کوژرا- بەهۆی دژایەتیکردنی حکومەتێکی ناڕەوا
پرسیار/ بناغەی سیستەمی حوکمڕانی ئێران چییە؟
وەڵامی ماریا کیچا/ ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا بە ژێرخانی کارگێڕی و سیاسیی دەزانن، بۆ شیعەکان بە پلەی یەکەم ژێرخانێکی ئایینی و مەعنەوییە. لەم چوارچێوەیەدا و لە چوارچێوەی دەسەڵاتداریی دەوڵەتی ئێرانی، ویلایەت فەقیه هەیە، تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی هێندەی تیرۆرکردنی سەرۆکێکی دەوڵەت نییە، بەڵکو تیرۆرکردنی مەرجەعێکی دەسەڵاتداری مەعنەویی هەڵکەوتوو، "نموونەی ڕۆڵە" و سەرکردەیەک کە وەک جۆرێک لە ناوبژیوان لەنێوان زەمینی و دەرەوەی زەمینی- ئیمامدا مامەڵە دەکات.
بۆردومانکردنی قوم بۆردومانکردنی ناوەندێکی زیارەت و شارێکی پیرۆزە بۆ شیعەکان (لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانیشدا کەمتر نییە)، شوێنی حەوزە (ئەکادیمیای ڕۆحانی) بەناوبانگە، کە دەرچووەکانی پێگەی ڕۆحی بەرز وەردەگرن و گەشت دەکەن بۆ هەموو گۆشەکانی جیهان؛ لە نێویاندا چەندین ئایەتوڵای بەناوبانگ هەن.
جگە لەوەش، ئەنجومەنی شارەزایان، ئەو دەستە ڕاوێژکارییەی کە ڕەهبەری نوێی هەڵبژاردووە، لە شاری قوم کۆدەبێتەوە. بەمجۆره له چاوی شیعەکاندا، تیرۆرکردنی خامنەیی و لێدانەکان بۆ سەڕ قوم، نەک تەنها بۆ سەڕ ئێران، که شیعەکان به شێوەیەکی نەریتیی وەک تاکه و دوا هێڵی بەرگری و کۆڵگری خۆیان له بەرانبەر ستەم و زوڵمدا دەیبینن. هەروەها هێرشکردنە سەر خودی شیعەگەری، بە مەبەستی پچڕاندنی پەیوەندی ڕۆحی و بەردەوامی سەرکردە و دەسەڵاتە ئایینیەکانی.
دڵنیام شرۆڤەکارە سەربازییەکانی ترەمپ لە کاتی دەستپێکردنی دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر ئێران بە تەواوی ئەم فاکتەرە ڕۆحییەیان لەبەرچاو گرتووە.