دوای ڕوداوەکانی ئەم دواییەی ناو خوێندنگەکانی پارێزگاکانی ڕحا و مەڕەش کە تێیدا چەندین خوێندکار کوژران و بریندار بوون، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر باڵی بەسەر پەروەردەی تورکیادا کێشاوە.
بەرپرسانی سەندیکای پەروەردە تورکیا هۆشداری دەدەن، ئەم کارەساتانە تەنیا بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیی چارەسەر ناکرێن و هۆکارەکانی پشت ئەم توندوتیژییانە زۆر لەوە قوڵترن.
ئیسماعیل تەکاردچ، سەرۆکی لقی مەڕەشی سەندیکای پەروەردەی تورکیا، لە گوتارێکدا ڕەخنەی توندی لە بێدەنگیی دەسەڵاتداران گرت و ڕایگەیاند، ڕووداوەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار لە ناوەندەکانی خوێندن. تەکاردچ، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردە دەکات سەبارەت بە ڕێگەدان بە چوونە ناوەوەی ڕێکخراوە ئایینییەکان بۆ ناو خوێندنگەکان، لەبری ئەوەی خوێندکاران بە مۆسیقا، وەرزش و هونەر ئاشنا بکرێن، وەزارەت دەرگای خوێندنگەکانی بۆ تەریقەت و گرووپەکان کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیای خۆیان بەسەر منداڵاندا بسەپێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دایک و باوکان پەیوەندی پێوە دەکەن و دەڵێن نایانەوێت منداڵەکانیان بنێرنەوە بۆ خوێندنگە. منیش وەک پەروەردەکارێک ناتوانم دڵنیاییان پێ بدەم کە هیچ ڕوو نادات، چونکە ئێمەش هەمان ترسمان هەیە. هیچ کەسێک لە حکومەت بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت و دەست لەکار ناکێشێتەوە، بەرپرسان بێ ئیرادەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە.
ڕۆژی 14ی نیسانی 2026، لە ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکی ئەحمەد کۆیونجو لە ناوچەی سوێرەگی سەر بە پارێزگای ڕحا، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا 10 خوێندکار و چوار مامۆستا و پۆلیسێک و کارمەندێکی خوێندنگەکە بریندار بوون، هێرشکارەکەش بە هەمان چەک خۆی کوشت. ڕۆژێک دواتر لە خوێندنگەی ناوەندیی ئایسەر چاڵک لە مەڕەش، هێرشێکی دیکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 10 خوێندکار و مامۆستایەک و نزیکەی 10 خوێندکاری دیکەش بریندار بوون.