سەرچاوەکان رایانگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی میسر، عومان، پاکستان، قەتەر، سعودیە و ئیمارات، لە وتوێژەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەشداریی بکەن.
ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن، لە گفتوگۆ لەگەڵ سێ سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ پێشگرتن لە پێکدادانی سەربازیی لە ناوچەکە، ئەگەری هەیە گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران، رۆژی هەینی لە ئەستەنبۆل بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کۆشنەر، زاوای ترەمپ لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تورکیا کۆدەبنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت، وەزیری دەرەوەی چەند وڵاتی عەرەبی و ئیسلامیش، وەک نێوەندگیریی ناوچەیی، بۆ پشتیوانیی لە گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەشداریی کۆبونەوەکە بکەن. تا ئێستا دیار نیە، گفتوگۆکان راستەوخۆ بەڕێوە دەچن یان نا، ئەمریکا لەم بارەیەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە.
هاوکات لەگەڵ هەوڵدانە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکە، ئەمریکا هێزێکی زیاتری بۆ ناوچەکە رەوانە کردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە رەوتی گفتوگۆکان، گەشبینی خۆی دەربڕیوە و وتویەتی، ئێران بە گرنگییەوە لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ دەکات.
عەباس عێراقچی، لە وتوێژ لەگەڵ سی ئێن ئێن رایگەیاند، ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن زۆرە.