ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027ی بە فەرمی پەسەند کرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، تاوەکو دوای پەسەندکردنی لەوێش، بۆ مەبەستی دەنگدان ئاراستەی پەرلەمان بکرێت.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی ئەنجومەنەکە، لە دانیشتنی ژمارە 12دا بە سەرپەرشتیی فالح سەری، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ڕەشنووسی بودجەی 2027 تاوتوێ کرا و بڕیار درا ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سەرجەم وەزارەتەکان و پارێزگاکان، ئامادەکردنی پڕۆژەکەی تەواو کرد. بڕیارە لە بودجەی ئەمساڵدا سیستەمی «بودجەی بەرنامە و ئەنجامدان» وەک تاقیکردنەوە لە کەرتی کارەبا و پارێزگاکانی دیوانییە و سەلاحەدین جێبەجێ بکرێت، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان، زیادکردنی داهاتی نانەوتی و چەسپاندنی دیسپلینی دارایی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.