پارتی ئازادیی کوردستان ڕایگەیاند، شکستی وتووێژەکانی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا.
نوێنەرایەتیی دەرەوەی وڵاتی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، دوای 21 کاتژمێر گفتوگۆی چڕ لە نێوان شاندەکانی واشنتن و تاران، وتووێژەکان گەیشتوونەتە بنبەست.
ئاماژە بەوەشکراوە، شکستی ئەم گەڕەی دانوستاندنەکان دەریدەخات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وتووێژ نەک وەک ڕێگەچارەیەک، بەڵکو تەنیا وەک "تاکتیکێک بۆ کات کوشتن" و سەرلەنوێ کۆکردنەوەی هێزەکانی بەکاردەهێنێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پێکهاتەی شاندەکەی تاران کە زیاتر لە کەسایەتییە سەربازی و ئەمنییەکان پێک هاتبوو، نیشانەی ئەوەیە کە ئامانجی سەرەکییان پرۆسەیەکی دیپلۆماسی نەبووە، بەڵکو هەوڵێک بووە بۆ بەڕێوەبردنی مەیدانیی قەیرانەکان لە پێناو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیان.
ئەوەش هاتووە، تاران هەوڵ دەدات "کارتی گەرووی هورمز وەک ئامرازێکی گوشار بۆ چەسپاندنی داخوازییە ئەزمونگەراییەکانی" خۆی بەکاربهێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاگربەستی ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر شکست بهێنێت و ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
دەشڵێت، تاران بە بەرپرسی یەکەمی هەرەسهێنانی ئاشتی و دەرهاویشتەکانی جەنگ دەزانن و هیوایان خواستووە کە "ئیرادەی نەتەوەکانی ناو ئێران و گوشارە نێودەوڵەتییەکان" کۆتایی بەو دۆخە پڕ لە شەڕ و قەیرانە بهێنێت.