سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز جەختی لە کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر حکومەتی ئێران کردەوە.
بێسێنت ئاماژەی بەوە کردووە، گۆشارەکان بە فەرمانی ترەمپ لە مانگی ئازارەوە دەستی پێکردووە و لە سێ هەفتەی ڕابردوودا بە فەرمیی ئۆپراسیۆنی "تووڕەیی ئابووریی" بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران دەستی پێکردووە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پرۆسەی گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر ئێران بە ماراسۆنێک چواند کە لە 12 مانگی ڕابردوودا بەردەوام بووە و ئێستا گەیشتووەتە هێڵی کۆتایی.
بێسێنت گوتیشی، "ئێمە خەریکی خنکاندنی ڕژێمی ئێرانین، بەجۆرێک کە کۆماری ئیسلامی چیتر توانای پێدانی مووچەی سەربازییەکانیشی نەماوە". هەروەها ئاشکرای کرد، ئەمە گەمارۆیەکی ڕاستەقینەیە و هێزی دەریایی ئەمریکاش ڕێگریی لە هەر جووڵەیەکی بازرگانیی نایاسایی دەکات.
لە بەشێکی دیەکی قسەکانیدا، بێسێنت حکومەتی ئێرانی بە دامەزراوەیەکی "گەندەڵ" ناوبرد کە ساڵانێکی زۆرە خەریکی دزینی سامانی گەلەکەیەتی.
ناوبراو گوتی، "ئەوان داراییەکی زۆریان لە دەرەوەی وڵات هەیە، ئێمە ئەو سەرمایانەمان دەستنیشان کردووە و بەردەوام دەبین لە شوێنپێ هەڵگرتنیان، بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم ململانێیەدا بۆ گەلی ئێرانی بپارێزین".