ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتیی دادگای پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامارێکی نوێی لەبارەی ڕەشبگیری و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بڵاوکردەوە، کە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووەوە لەو پارێزگایە تۆمارکراون.
بەپێی ئەو داتایانەی کە لە میدیا فەرمییەکانی ئێراندا بڵاوکراونەتەوە، لەو ماوەیەدا ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون:
دەستبەسەرکردن: 480 کەس لە سەرانسەری پارێزگای ورمێ دەستگیر کراون.
جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان: 3 کەس بە تۆمەتی پێشێلکردنی "ئاسایشی نیشتمانی" لەسێدارەدراون.
سزای نوێی لەسێدارەدان: سزای قورسی لەسێدارەدان بەسەر 10 کەسی دیکەدا سەپێندراوە.
دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک: بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ماڵ و موڵکی 129 هاووڵاتیی ناوچەکە دراوە.
ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە پێشتر وتەبێژی دەزگای دادوەریی گشتیی ئێران ڕایگەیاندبوو، لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییە سەربازییەکانەوە، لە سەرانسرەی وڵاتەکەدا 3 هەزار و 121 کەس بە تۆمەتی ئەمنی ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و دادگاییبوون بوونەتەوە.
تاوەکو ئێستا لەلایەن دەزگاکانی ئێرانەوە هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی ناسنامەی دەستبەسەرکراوان، چارەنووسیان و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنیان بڵاو نەکراوەتەوە، ئەمەش نیگەرانیی لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.