دوابەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها نزیبوونەوەی جەژنی نەورۆز، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە شێوەیەکی فراوان لە شارە کوردییەکان بڵاوەیان پێکراوە.
هەروەها، دانانی بازگەی گەڕۆک و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان و بەکارهێنانی توندوتیژی دژی هاوڵاتییان لە ڕێگەکانی نێوان شارەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستاندا زیادی کردووە.
بە گوێرەی، چەند ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەقز بە ناوی ئارمان خالق پەنا بە دەستڕیژى گولەى ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران لە دەوروبەری شاری بانە کوژراوە و سێ هاوڵاتیی دیکەش بە ناوەکانی عەبدوڵڵا مەهجوور، سالار ئازەر و شێخ زاهید شەهابی لەلایەن ئەوهێزانەوە دەستبەسەر کراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕۆژی چوارشەممە، هێزەکانی سوپای پاسداران لە دەوروبەری پارێزگای بانە دواى گەمارۆدانی ئۆتۆمبێلێک دەستبەجێ داویانەتە بەر دەستڕێژی گولە و بووەتە هۆی کوژرانی گەنجێک بە ناوی ئارمان خالق پەنا، کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە.
باسلەوەشکراوە، دوای کوشتنی شۆفێرەکە، سێ سەرنشینی دیکەی ئەم ئۆتۆمبێلە کە هەموویان خەڵکی سەقزن، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەکی زۆر دەستبەسەر کراون، ناسنامەی ئەم سێ هاووڵاتییە بریتییە لە عەبدوڵڵا مەهجوور،بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، سالار ئازەر و شێخ زاهید شەهابی لە چالاکانی ئایینیی سەقز، کە یەکێکیان ساڵانی پێشوو ڕۆڵی هەبووە لە ئامادەکاریی بۆ جەژنی نەورۆز و چەندین جار لەسەر ئەو بابەت دەستگیرکراوە.
هەنگاو زانیویەتی کە تا ئێستا تەرمی ئارمان خالق پەنا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانەدا، بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان بی ئەنجام ماوەتەوە.
شایانی باسە، دوای دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی کەسانی دەستبەسەرکراو و بە دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن، ماڵەکانیان پشکنیون.
لە لایەکی دیکەوە، پێشەوا ئاقاپوور، لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاهیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی نییە.
دەستبەسەرکردنی ناوبراو بە لێدان و توندوتیژیەکی زۆرەوە ئەنجامدراوە و پەراسووەکانی باوکی بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانەوە لە کاتی دەستگیرکردنیدا شکاون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێشەوا ئاقاپوور، تەمەنى ٢٢ ساڵە و خەڵکی بۆکانە، ماوەی ١٠ ڕۆژە دەستبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە.
پێشەوا ئاقاپوورساڵی ٢٠٢٢، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا ئەمینی و لە کاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دوای بانگکرانی بۆ بنکەی ئیتلاعاتی بۆکان بە توندی لێی درابوو و دەستبەسەر کرابوو، دوای ماوەیەک مانەوەی لە زیندان ئازاد کرا.