شەش لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بۆ ڕای گشتی، بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنی و موشەکییانەیان کرد کە چەند ڕۆژێکە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا لەسەر هەولێر و سلێمانی چڕ کراونەتەوە.
ئەو شەش لایەنە ڕایانگەیاند کە ئەم هێرشانە بێ پاساون و بوونەتە هۆی دروستکردنی دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان و گەیاندنی زیان بە ژینگەی ناوچەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نییە لەو شەڕ و ململانێیانەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە، و گەلی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانیشی تەنها خوازیاری ئاشتی، تەبایی و برایەتین لەگەڵ گەلانی ناوچەکە و دەوڵەتانی دراوسێ.
لە کۆتاییدا، ئەو حیزب و بزووتنەوانە داوایان کرد کە هەرچی زووە کۆتایی بەم هێرشانە بهێنرێت و چیتر خاکی هەرێمی کوردستان نەکرێتە ئامانج.
بەناوی خوای بەخشندە
(هەڵوێستی شەش لایەنی کوردستانی سەبارەت بەهێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان ).
بۆ ڕای گشتی...
ئێمە ئەو شەش لایەنە کوردستانیەی کەلەخوارەوە ناومان هاتووە ، سەرکۆنەی ئەو هێرشە بێ پاساوانە دەکەین کە چەند ڕۆژێکە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان ، بەتایبەتی ئەمشەو بەشێوەیەکی نائاسایی هێرشەکان لەسەر سلێمانی و هەولێر چڕ کراونەتە کە بەهۆیەوە هاوڵاتیانی کوردستان تووشی دڵەڕاوکێ بون و زیانیش بەر ژینگەی ناوچەکە کەوتووە ، ئەوە لەکاتێکدایە کە کوردستان هەرگیز بەشێک نیە لەو شەڕە ، و خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانیشی تەنها خوازیاری ئاشتی و برایەتین لەگەڵ گەلانی ناوچەکە و دەوڵەتانی دراوسێ .
ئێمە دەخوازین هەرچی زووە ئەو هێرشانە کۆتاییان پێ بێهێنرێت و چیتر هێرش نەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان .
ناوی لایەنەکان :
١ پارتی نەتەوەیی کوردستان
٢ حزبی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کوردستان
٣ بزوتنەوەی چاکسازیی نیشتیمانیی
٤ بزوتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان
٥ پارتی سەوزی کوردستان
٦ بزوتنەوەی ڕزگاری دیموکراتی کوردستان