تۆڕی هاوپهیمانی١٩ كه سه‌نته‌ری میترۆ سه‌رپه‌رشتی ده‌كات بڵاویکردەوە، مانگی ڕابردوو چاودێری ١١٣ چالاكی مه‌ده‌نیی ئاشتیخوازانه‌یان له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه، كه رێژه‌ی ٨٦٪ یان بۆ پشتیووانی ڕۆژاڤای كوردستان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین بوون به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی سوپای سوریا.
له ڕاپۆرتی هاوپەیمانییەکەدا هاتووە، چاودێریی ٧٧ گردبوونه‌وه، ١٧ ڕێپێوان، ١٦ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی، دووجار شه‌قام داخستن و یه‌ك مانگرتنیان كردووه، كه ٤٧ چالاكییان له شاری سلێمانی بوون، ٢٤ یان له هه‌ولێر، نۆ چالاکی له دهۆك، شه‌ش چالاكیان له هه‌ڵه‌بجه، ١٥ چالاكی له ئیداره‌ی راپه‌رین، هه‌شت چالاكی له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان چوار چالاكیشیان له له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران بووە.
به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه، ٩٨ خۆپیشاندان و چالاکی بۆ پشتیووانی ڕۆژاڤای كوردستان بوون كه رێژه‌ی ٨٦٪ـی چالاكییه‌كان پێكده‌هێنێت، دوو چالاكییان بۆ خزمه‌تگوزاری، یه‌ك چالاكی بۆ مووچه، چالاكییه‌ك بۆ مافی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، چالاكییه‌ك بۆ مافی خوێندكار، چالاكییه‌ك بۆ سه‌روه‌ری یاسا، هه‌شت چالاکیش داخوازی جیاجیا بوون.
تۆڕی هاوپهیمانی١٩ له‌باره‌ی خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازانه‌ی سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕایگه‌یاندووه، ئاڵای كوردستان دیمه‌نی خۆپیشاندانه‌كانی داپۆشیبوو نه‌ك ئاڵای حزبه‌كان، هیچ ڕواڵه‌تێكی توندوتیژی تێیدا نه‌بوو و هێزی ئه‌منی ئه‌ركی پاراستنی چالاكییه‌كانیان به سه‌ركه‌تووی ئه‌نجامدا.
ئه‌وه‌ش خراوەتەڕوو، "چاودێرییان له هه‌موو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هیچ جۆره ده‌ستدرێژییه‌كیان بۆ سه‌ر ژنان و كچان تۆمار نه‌كردووه، گوتاری ڕقاویش له ئاستێكی زۆر لاواز بوو، ئه‌گه‌ر هه‌ستیشی پێكرابێ په‌یوه‌ندی به‌گوتاری خۆپیشاندانه‌كانه‌وه نه‌بووه، پارستنی ژینگه و به‌شداری ژنان و گه‌نجان له‌ئاستێكی باڵا بووە.
تۆڕی ١٩ له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك ڕێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامه‌زراوه، سه‌نته‌ری میترۆ سهرپهرشتیدهكات، داكۆكی له پره‌نسیپه‌كانی جاڕنامه‌ی گه‌ردونی مافی مرۆڤ و به‌ڵگه‌نامه نێوده‌وڵته‌ییه‌كانی تری تایبه‌ت به ماف و ئازادییه‌كان ده‌كات، به تایبه‌تیش به‌ندی ١٩ی جاڕنامه‌ی گه‌ردونی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان.