ململانێ و گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان جێهێشتووە؛ لە بەرزبوونەوەی نرخی شت و مەکەوە تاوەکو ترسی بەردەوام لە هێرشی درۆنەکان بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان.
سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زیاتر جەخت لەسەر لایەنە سەربازی و جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەم شەڕە دەکەنەوە، بەڵام ڕێکخراوی (CPT)ی تیمی کوردستانی عێراق لە ڕاپۆرتێکدا تیشک دەخاتە سەر تێچووە مرۆیی و ئابورییەکانی ئەم ململانێیە بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل لە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی هاوسنووری و پەیوەندییە بازرگانییەکانەوە بووەتە یەکێک لە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە.
لێکەوتە ئابورییەکان: غازی ماڵان لە 9 هەزارەوە بۆ 34 هەزار دینار
بەهۆی پشتبەستنی زۆری عێراق و هەرێمی کوردستان بە هاوردەکردنی وزە، غاز، کارەبا و پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و دەرمان لە ئێرانەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی گرژییەکان بازاڕ تووشی شۆک بوو. سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەرست، نرخەکان هێشتا بە بەرزی ماونەتەوە.
شیلان، خاوەنی کافتریایەک لە شاری سلێمانی، بەم شێوەیە باس لە کاریگەرییەکانی شەڕەکە دەکات:
"لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەدا، کارەبای گشتی بە تەواوی بڕا. ناچار بووین مۆلیدە بکڕین. نرخی سەوزە و پێداویستییەکانی چێشتلێنان بە شێوەیەکی خێرا بەرزبووەوە، تەنانەت نرخی یەک تێلی غازی ماڵان لە 9,000 دینارەوە بازیدا بۆ 34,000 دینار."
دەشڵێت کە بەهۆی دواکەوتنی مووچە و ناسەقامگیری ئابورییەوە، خەڵک پێشتریش لە دۆخێکی دارایی خراپدا بوون، بۆیە ئێستا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە، کڕیارەکانیان زۆر کەمیکردووە.
باجی مرۆیی: درۆنەکان خێزانێکی گەنج دەکوژن و دوو منداڵ بێسەرپەرشت دەکەن
قورسترین لایەنی ئەم ململانێیە، گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی بێتاوانە. لە کاتژمێر 12:23ی شەوی 7ی نیسانی 2026، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا، دوو هێرشی درۆنییان کردە سەر گوندی زارگەزەوی لە سنووری ناحیەی دارە شەکرانی سەر بە پارێزگای هەولێر.
لەو هێرشەدا، درۆنێک بەر ماڵێکی سڤیل کەوت و بەهۆیەوە دوو هاوسەر بە ناوەکانی؛ مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ، 39 ساڵ و موژدە ئەسعەد حەسەن، 35 ساڵ گیانیان لەدەستدا، و دوو کچی بچووکیان لێ بەجێما کە ئێستا لەلایەن خزمەکانیانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
شوکور، دانیشتوویەکی ناوچەکەیە و دەڵێت:
"ئەم هێرشە ترسی لە دڵی هەموواندا چاند، چونکە سەلماندی کە خەڵکی ئاسایی لە ماڵەکانی خۆشیاندا پارێزراو نین. لە هەموو شەڕێکدا منداڵان زیاترین باج دەدەن؛ ئەوان تەنانەت دوای وەستانی دەنگی تەقینەوەکانیش، ترسەکە لە ناخیاندا دەمێنێتەوە."
سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربرست لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، هەرێمی کوردستان دوابەدوای ئەوە ڕووبەڕووی زیاتر لە 100 هێرشی دیکەی ئێران و بریکارەکانی بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە دانیشتوان هەمیشە لە دڵەڕاوکێی هێرشی کتوپڕدا بژین.
کوردستان؛ هەمیشە دەبێتە قوربانیی ململانێی هێزە دەرەکییەکان
هاووڵاتییەکی ناوچەکە بە خەمبارییەوە دەڵێت، ئەم دۆخە یادەوەرییە تاڵەکانی شەڕی 23 ساڵ لەمەوبەری ڕووخانی بەغدای بیر هێناوەتەوە و دەڵێت: "شەڕ لە ماڵی دراوسێکەتدا، واتە شەڕ لە ماڵی خۆتدا. ئاواتەخوازبوون بە شەڕ وەک ڕێگەیەک بۆ ڕزگاری، وەک قومارکردنە بە هەموو ئەو شتانەی کە هەتە."
شوکور، دانیشتووی گوندەکەی نزیک هەولێر، پەیامێک ئاراستەی جیهان دەکات و دەڵێت:
"ئەگەر یەک شت هەبێت کە میدیاکانی دەرەوە نەیگوازنەوە، ئەوەیە: لەم شەڕەدا لایەنی سەرەکی کە زیانمەند دەبێت نە ئەمریکایە و نە ڕژێمی ئێران، بەڵکو گەلی ئەم ناوچەیەیە. هەمیشە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کوردستان دەبێتە قوربانی و ئامانجی سەرەکیی هێرشە تۆڵەسێنەکانی ئێران و گروپە چەکدارەکانی."