سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "فایننشال تایمز" ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت جوڵەی کەشتیوانی و دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا، بۆ ئاستی ئاسایی خۆی بگەڕێتەوە.
محەمەد بن عەبدولڕەحمن ئال سانی جەختیشی لەوە کردەوە کە لەم قۆناغەدا دروستکردنی هێڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان واشنتن و تاراندا بووەتە پێویستییەکی حەتمی، ئەمەش لە پێناو ڕێگریکردن لە هەر جۆرە بەربەست یان پەکخستنێک کە بێتە ڕێی پرۆسەی دووبارە کردنەوەی گەرووەکە.
له لایەکی دیکەی دۆسیەکەوە و سەبارەت بە کەرتی وزە، سەرۆک وەزیرانی قەتەر ئاشکرای کرد کە پرۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی لە وڵاتەکەیدا، لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا بە شێوەیەکی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە پێشتر کۆمپانیای "قەتەر بۆ وزە" پرۆسەی بەرهەمهێنانی گازی شلی ڕاگرتبوو؛ ئەوەش لە دوای هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـیشوباتی ڕابردوودا، کە تێیدا وێستگەی "ڕەئس لەفان" لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کردە ئامانج.