ڕاستەوخۆ

هەورەکان لەسەر ئاسمانی کوبا کۆدەبنەوە: ئایا هێرش دەکرێتە سەری؟

reset font size increase font size

ئامادەکردنی/ کوردستان لەزگیێڤا

 

هەفتەی ڕابردوو چەند ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش ڕوویاندا: بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا  (CIA)جۆن ڕاتکلیف، سەردانی کوبای کرد، ئەمە یەکەم سەردانی بەڕێوەبەرێکی CIA بوو لە دوای ١١ ساڵ؛ جۆن برێنان یەکەم سەرۆکی ئاژانسەکە بوو، کە لە ساڵی ٢٠١٥دا سەردانی کوبای کرد.

لە هەمان کاتدا، لە میدیاکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە وەزارەتی داد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەنیازی ئەوەیە لە ٢٠ی ئایاردا، بەهۆی خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکە لە ساڵی ١٩٩٦، تۆمەت ئاڕاستەی ڕائول کاسترۆ بکات. هەروەها ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" بە پشتبەستن بە "بەڵگەنامەی نهێنی" ڕایگەیاند کە کوبا ٣٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکداری (درۆن)ی دەستکەوتووە.

بێگومان هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ گۆڕانکارییەکی نزیک لە دۆخی ناوچەی دەریای کارایبی-دا؛ بەتایبەت کە کوبا بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بەدەست کێشەی قورسی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، ترەمپیش بەردەوام بەڵێنی ئەوە دەدات کە "چارسەری" کێشەی ئەم وڵاتە بکات، چونکە بەرەو "داڕمان" دەچێت. 

ئێستا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە: چی ڕوودەدات؟ ئایا ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر کوبا و کاسترۆ دەڕفێنێت؟ یان هەوڵدەدات لە ڕێگەی هاندانی چاکسازیی ئابوورییەوە، گۆڕانکارییەکی دیموکراتیی ساختە لە دوورگەکەدا دروست بکات؟

 

١. سەبارەت بە ئەگەری داگیرکاری سەربازی

ئەگەرچی ئەمریکا هەموو ئامراز و توانایەکی پێویستی بۆ ئەمە هەیە، بەڵام کارەکە بەو ئاستەش نییە؛ چونکە:

یەکەم: هێشتا یادەوەری تاڵی "کەنداوی بەرازەکان" (شکستەکەی ڕابردووی ئەمریکا لە کوبا) لە هزردا ماوە.

دووەم: لە کاتێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو ئاگردا دەسووتێت، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە ڕۆژاوا، متمانەی دەنگدەرانی ئەمریکی بە ترەمپ لاواز دەکات؛ چونکە خەڵک لە کێشەکانی سیاسەتی دەرەوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو بێزار بوون.

سێیەم: مەترسیی ئەوە هەیە ئەمریکا نەک هەر لەوێ گیر بخوات، بەڵکو کۆنترۆڵی لێشاوی ئەو کۆچبەرانەش لەدەست بدات کە ڕوودەکەنە لای خزم و کەسوکاریان لە ئەمریکا.

بۆیە، داگیرکردنی سەربازیی بەرفراوانی کوبا زۆر دوور لە ڕاستییەوە دیارە.

٢. سەبارەت بە ئەگەری ڕفاندنی کاسترۆ

سەبارەت بە ڕفاندنی کاسترۆ یان سەرکردەیەکی دیکەی ڕژێمی کوبا: هەرچەندە ڕەنگە کارێکی ئاسان بێت، بەڵام دۆخەکە وەک هی نیکۆلاس مادۆرۆ (سەرۆکی ڤەنزوێلا) نییە.

لە چاوی هاوڵاتییەکی ئاسایی ئەمریکیدا، مادۆرۆ دیکتاتۆرێکی کلاسیکی ئەمریکای لاتین بوو کە جلوبەرگی وەرزشی دەپۆشی و سمێڵێکی گەورەی هەبوو، بۆیە ترەمپ دەیتوانی ڕفاندنی ئەو وەک شەڕ دژی "پیاوێکی خراپ" نیشان بدات. بەڵام ئایا دەتوانێت هەمان شت لەگەڵ ڕائول کاسترۆی تەمەن ٩٤ ساڵدا بکات کە زۆربەی ئەمریکییەکان تەنانەت ڕووخساریشی ناناسن؟ یان لەگەڵ میگێل دیاز-کانێل (سەرۆکی ئێستای کوبا) کە هیچ لە نۆریێگا یان مادۆرۆ ناچێت؟

جگە لەوەش، ڕفاندنی کاسترۆ هەموو چانسەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ هاڤانا لەناودەبات، لە کاتێکدا ترەمپ ئێستا دەیەوێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت.

 ٣. سیناریۆی هەرە ڕاستەقینە: چاکسازی ئابووری

سەپاندنی گۆڕانکاری لە ڕێگەی چاکسازی ئابوورییەوە، گونجاوترین و ڕاستەقینەترین سیناریۆیە، بەتایبەت کە ئێستاش هەندێک نیشانەی دیارن؛ لە مانگی ئازاردا، حکومەتی کوبا قەدەغەی وەبەرهێنانی لەسەر کۆچبەران هەڵگرت و کۆتوبەندەکانی سەر کۆمپانیا ئەمریکییەکانیشی لادا.

ئەم ڕێگەیە بۆ ترەمپ کەمتر مەترسیدارە؛ هەم دەتوانێت هێزی خۆی نیشان بدات (سەرکردەکانی پێشوو تۆمەتبار بکات) و هەم دەتوانێت پێشکەوتنی ڕاستەقینە (ئازادکردنی پلەبەپلەی سیستەمی ئابووری) ڕابگەیەنێت. ئەمەش بۆ ئەو کۆچبەرە کوباییانەی لە ئەمریکا دەژین و ڕقیان لە پارتی کۆمۆنیستی کوبایە، کارێکی پەسەند دەبێت.

دەرەنجام:

لە ئێستادا ترەمپ لە بەردەم دوو ڕێگری سەرەکیدایە بۆ بەکارهێنانی هێز دژی کوبا: نەبوونی ئاگربەستێکی جێگیر لەگەڵ ئێران و هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا کە لە مانگی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)دا بەڕێوەدەچن. دوای ئەو هەڵبژاردنانە، دەکرێت چاوەڕوان بکرێت کە ترەمپ لە دۆسیەی کوبادا چالاکتر و ڕژدتر بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.