چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکی_ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویانکردەوە؛ هەزاران پێشمەرگەی کورد هێرشی زەمینییان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە؛ بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ڕۆژهەڵات ڕەدی دەکەنەوە.
ئاژانسەکانی فۆکس نیوس و ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی و ڕۆژنامەی جیروسەلم پۆستی ئیسرائیلی، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە بڵاویانکردەوە؛ بە هەزارەها کورد هێرشی زەمینییان بۆ سەر ناوچەکوردییەکانی ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دەستپێکرد.
کەناڵی نوچە تی ڤی بەدواداچونی بۆ ئەو هەواڵەکرد و دوای پەیوەندیی بە چەندین لایەنی پەیوەندیدارەوە بۆی دەرکەوت ڕاستیی هەواڵەکە یەکلایی نەکراوەتەوە.
نوچە تی ڤی، پەیوەندی بە چەند ئەندام و بەرپرسێکی پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە کرد و پرسیاری ئەو جموجوڵانەی لێکردن، بەڵام ڕەدیانکردەوە شتی وا ڕویدابێت.
هاوکات هەواڵساز و سەرنوسەرانی دیکەی نوچە، پەیوەندییان بەچەند کەسایەتییەکی دیاری ئۆپۆزسیۆنی کوردیی ڕۆژهەڵاتەوە کرد. یەکێک لە ئەو سەرچاوانە وتی: "مەفرەزەکان لە پێرێوە پەڕیونەتەوە ئەودیو سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا، بەڵام ئەوەی شەڕ و پێکدادان دەستی پێکردووە یان نا؟ جارێ دیار نییە".
دوا بەدوای هەواڵەکانی دەزگا بیانییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نکوڵی لە ئەوە کرد هیچ چەکدارێک لە سنوری هەرێمی کوردستانەوە چوبێتە ئێران و ئاژانسی هەواڵی تەنسیمی ئێرانیش ئەوەی پشتڕاست کردەوە.
هەر لە بەیاننامەکەشیدا حکومەتی هەرێم جەختی لە ئەوە کردەوە کە: "یەک کورد بۆ سنوری ئێران نەپەڕیوەتەوە".
هەروەها سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دەڵێ "هیچ هێزێکی پێشمەرگە نەڕۆیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان".
دوێنێ شەو نوچە تی ڤی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە دەربارەی ئەوەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا پلانڕێژیی کردووە بۆ چەکدارکردنی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو ببنە پڕیشکی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی. وردەکاریی ئەو ڕاپۆرتە، بەرچاو ڕونییەک دەداتە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە.