لە سێیەمین کۆنگرەی ڕێکخستنەکانی پارتی دەم پارتی لە پارێزگای ئامەد، هەریەکە لە یونس مورات ئاکن و فاتمە ئیزۆل بە زۆرینەی دەنگ وەک هاوسەرۆکانی نوێی دەم پارتی لە ئامەد هەڵبژێردران.
کۆنگرەکە لە ناوەندی چاند و هونەری ئامەد و بە بەشداریی تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی و ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەداران، کەسایەتییەکان و لایەنگران بەڕێوەچوو.
دوای هەڵبژاردنی وەک هاوسەرۆک، گوتە مێژووییەکەی یونس مورات ئاکن کە بەر لە 30 ساڵ لە دژی سەپاندنی سیستەمی جەردەوانی لە ناوچەی لیجێی ئامەد گوتوویەتی، دیسانەوە بووەتەوە ڕۆژەڤ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی هەبووە.
ئاکن لەو کاتەدا لە وەڵامی شاندێکی سەربازیی حکومەتی تورکیادا کە بۆ سەپاندنی جەردەوانی سەردانی ناوچەکەیان کردبوو، گوتوویەتی: "هیچ کەسێک لە لیجێ نایەوێت ببێتە جەردەوان. نەقیبی سوپای تورکیا پێمان دەڵێت پارەتان دەدەینێ لەبەرامبەر بوونتان بە جەردەوان، ئێمە ئەو پارەیە دەدەین بە نەقیب با خۆی ببێت بە جەردەوان".