بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەیشتە واشنتن و بڕیارە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، تاوتوێکردنی دۆخی ئێران و پەیوەندییە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات تەوەری سەرەکیی دانوستانەکان دەبن.
بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئامانجی سەرەکیی نەتانیاهۆ لەم سەردانەدا پێدانی زانیاریی نوێ و وردی هەواڵگرییە بە ئیدارەی ئەمریکا سەبارەت بە تواناکانی ئێران.
گرنگترین تەوەرەکانی سەردانەکەی نەتانیاهۆ:
پرسی ئێران: پێدانی زانیاری هەواڵگریی نوێ و تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکان دژی تاران کە لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیان پێکردووە.
بژارەی سەربازی: خستنەڕووی بژارەکانی بەردەم هەردوو وڵات، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ جەختی کردبووەوە کە بژارەی سەربازی بۆ ڕێگریکردن لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەسەر مێز دەمێنێتەوە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.
پەیوەندییە دووقۆڵییەکان: پەرەپێدانی هاوئاهەنگی دیپلۆماسی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم سەردانە یەکەم دیداری نێوان نەتانیاهۆ و ترەمپە دوای دەستپێکردنی گەڕی نوێی گرژی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانیان دژی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵدا.