بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٣٨ ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالی بادیناندا، مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی سەرجەم ئەو تاوان و پێشێلکارییانە بکاتەوە کە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون.
بارزانی لە پەیامەکەیدا سڵاوی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفالی بادینان، گەرمیان، بارزان و تێکڕای شەهیدانی ڕێگەی ئازادی نارد و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی سەرەکیی ڕژێمی پێشووی عێراق لەو هەڵمەتە نامرۆڤانەیەی لە نێوان ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ ئەنجامی دا، گۆڕینی دیمۆگرافیا و شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان بوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئیرادەی پۆڵایینی گەلەکەمان سەرکەوت و تاوانباران بوونە پەندی ڕۆژگار.