نوێنەرایەتیی گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی توندیان بڵاوکردەوە و تێیدا لێدوانەکانی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانیان ڕەتکردەوە، کە رایگەیاندبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا داوای دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ سێ یەکەمەکان، کۆلێژە پزیشکییەکان و گرێبەستە داراییەکانی بەغدا دەکات.
عەلی ڕەئووف مستەفا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە ڕاگەیێندراوەکەدا جەختی کردەوە، کە داواکارییان بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی مافێکی سەلمێندراوی یاسایی و کارگێڕییە و ئاماژەی بەوە کرد، مامۆستایانی گرێبەست بڕبڕەی پشتی پرۆسەی پەروەردەن و بەبێ ئامادەییان بەشێکی زۆری هۆڵەکانی خوێندن پەکیان دەکەوێت.
مامۆستایانی گرێبەستداوایان کرد بە زووترین کات پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت و دۆسیەی دامەزراندنی هەمیشەییان بخرێتە سەرووی کارنامەی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هۆشداریشیان دا کە لە ئەگەری پێچەوانەدا هەڵوێستی توندتریان دەبێت و لە خەباتی مەدەنی و یاسایی بەردەوام دەبن.