وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان، لە واشنتن سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان دەکات.
ئەم کۆبوونەوەیە کە بڕیارە کاتژمێر 11ـى بەیانی بەکاتی واشنتن دەستپێبکات، بە یەکەمین گفتوگۆی دیپلۆماسی ڕاستەوخۆ لە ئاستی باڵادا لە نێوان هەردوو وڵات لە دوای ساڵی 1993ـەوە دادەندرێت.
ئامانجی سەرەکی گفتوگۆکە پرسی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست، داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و زامنکردنی ئاسایشی سنوورەکانی باکووری ئیسرائیلە، هاوکات پشتگیریکردنە لە سەروەری حکومەتی لوبنان بەسەر تەواوی خاکەکەیدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا، یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل و نادا حەمادە، باڵیۆزی لوبنان لە ئەمریکا لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە دەبن.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵڵا لە شەڕدایە نەک لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان، بۆیە هیچ ڕێگرییەک نییە لەبەردەم گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە، کە گرژییە سەربازییەکان لە باشووری لوبنان بەردەوامییان هەیە و لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون و ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.
لە بەرامبەردا، حزبوڵڵای لوبنانی بە توندی دژی ئەم گفتوگۆیانە وەستاوەتەوە.
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، ڕایگەیاندووە، کە ئەم دانوستانانە بە واتای "خۆبەدەستەوەدان و بێهێزکردنی لوبنان" دێت و داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کردووە ئەم دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام نەدات.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا جەختی کردووەتەوە کە پێویستە لوبنان لەبری گفتوگۆ، تیشک بخاتە سەر بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل، بەڵام سەرەڕای ئەم دژایەتییە، واشنتن پێداگرە لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی درێژخایەن.