وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، تەنانەت ئەگەر ڕژێمی ئێران نەڕوخێتیش، دەبێت شێواز و ڕەفتارەکانی بە تەواوی بگۆڕێت، چونکە ئامانجیان ئەوە بووە لە پشت قەڵغانی مووشەکی و درۆنییەوە ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (فۆکس نیوز) سەبارەت بە ستراتیژیی وڵاتەکەی بەرامبەر تاران ڕایگەیاند، ئێران خاوەن دیدگایەکی فراوانخوازانەیە بۆ هەناردەکردنی شۆڕش و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر ناوچەکەدا، بۆیە تاکە ڕێگا بۆ ڕاگرتنی، بەرزکردنەوەی تێچووی ئەو سیاسەتانەیە بە جۆرێک نەتوانێت باجەکەی بدات.
ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران خەریکی دروستکردنی قەڵغانێکی بەهێزی مووشەکی و درۆنی بوو تاوەکو لە پشتییەوە خۆی بپارێزێت و پلانی هەبوو لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا بگاتە ئاستێک کە کەس نەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و بێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بە ئەنجامدانی هێرش ڕێگەی پێ نەدا بگاتە ئەو ئامانجە.