لە ئەنجامی پێکدادانی دوو پاسی نەفەربەر لەسەر ڕێگەی دێرەزوور-دیمەشق لە سووریا، ٣٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی سووریا ڕایگەیاند، ڕووداوەکە ڕۆژی شەممە ٢٥ی تەممووز ڕوویداوە و ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی وڵاتەکە (SANA) بڵاویکردووەتەوە کە پێکدادانەکە لە نێوان پاسێکی گواستنەوەی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسێکی مەدەنیی نەفەربەردا بووە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، هۆپتەرەکانی وەزارەتی بەرگری بەشدارییان لە گواستنەوەی بریندارەکان و تەرمەکان کردووە، کە لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی تەدمورەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەربازی لە پارێزگای حمس کراون.
لای خۆشییەوە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییان کرد و هیواکانی بۆ چاکبوونەوەی خێرای بریندارەکان دەربڕی.