ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری دیاری هەڵبژاردەی عێراق، دوای گەیشتنی لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکەی بۆ ئەمریکا بە مەبەستی بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026، بۆ ماوەی نزیکەی حەوت کاتژمێر لە فڕۆکەخانەی ئۆهێری شاری شیکاگۆ ڕاگیرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، هاوکات ڕێگە بە چوونەژوورەوەی وێنەگری هەڵبژاردەکە نەدرا.
بەرپرسێکی وەرزشیی عێراقی لە لیژنەی ئۆڵۆمپی کە نزیکە لە هەڵبژاردەکەوە بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە، ئەیمەن حوسێنی تەمەن 30 ساڵ دوای لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و پشکنینی مۆبایلەکەی دواجار ڕێگەی پێدراوە بچێتە ناو خاکی ئەمریکاوە، بەڵام تەڵال سەڵاح، وێنەگری فەرمیی هەڵبژاردەی عێراق دوای زیاتر لە 10 کاتژمێر ڕاگرتن و پشکنینی مۆبایلەکەی، بە تەواوی ڕەتکراوەتەوە کە بچێتە ناو ئەمریکاوە.
تاوەکو ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئەیمەن حوسێن، کە گۆڵی گەیشتنی عێراقی بە مۆندیال تۆمارکرد، هیچ لێدوانێکی فەرمییان نەداوە.
هاوکات فەرمانگەی کۆچ و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ئەمریکا (ICE) و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ وەڵامی داواکارییەکانی ڕۆیتەرزیان بۆ لێدوان نەداوەتەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە هاندەرانی عێراقی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیی ڕۆژی شەممەدا لە فڕۆکەخانەی شیکاگۆ کۆببوونەوە بۆ پێشوازیکردن لە هەڵبژاردەکەیان، کە ئەمساڵ دوای 40 ساڵ بۆ یەکەمجارە دەگەڕێتەوە بۆ یارییەکانی جامی جیهانی.
بڕیارە مۆندیالی 2026 کە لەلایەن ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیکەوە میوانداری دەکرێت، ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەستپێبکات و عێراق لە کۆمەڵەی نۆیەمدا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، سێنیگال و نەرویژ ببێتەوە.