لە 77ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان، دامەزرێنەری پەکەکە، زنجیرەیەک چالاکیی جەماوەری و ژینگەیی لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوون.
ئەم یادە کە ساڵانە لە چواری نیسان دەکرێتەوە، ئەمساڵ بە دروشمی (بە ڕێبەرایەتیی ئازاد بەرەو یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک) و بە بەشداریی فراوانی سیاسی و جەماوەری بەڕێوەچوو.
لە شاری وان، کۆمەڵەی ژینگەپارێزی بە هاوکاریی نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکییەکی نەمامچاندنیان لە گەڕەکی بۆستانچی ئەنجامدا، لە شارۆچکەی وێستانێش چالاکییەکی هاوشێوە بەڕێوەچوو، وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی هزری ئۆجالان جەخت لەسەر پەیوەندیی نێوان ئازادی و پاراستنی ژینگە کرایەوە.
لە پارێزگای ڕحاش، هاوڵاتییان لە شارۆچکەی خەلفەتێوە بەرەو گوندی ئامارای شوێنی له دایكبوونی ئۆجالان بەڕێکەوتن، ڕێپێوانەکە لە پارکی (4ی نیسان) لە ناوەندی شارۆچکەکەوە بە بەشداریی هەزاران کەس و بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەستیپێکرد.
لە گوندی ئامارا، بە سەدان هاوڵاتی کە جلی کوردییان پۆشیبوو، لە حەوشەی ئەو ماڵەدا کۆبوونەوە لەوێ هەریەکە لە محهمەد ئۆجالان، عومەر ئۆجالان و عەلی ئۆجالان وهك خانهوادهی ئۆجالان، پێشوازییان لە چالاکوانان کرد.
بۆ ئەمساڵ چەندین کەسایەتی سیاسی و دیار بەشداری کەرنەڤاڵی (ڕۆژانی ئامارا)ــایان کرد، لەوانەش، وەیسی ئاکتاش و چەتین ئارکاش، کە پێشتر لە زیندانی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجالان بوون، ههروهها چیگدەم ئۆچار و کەسکین بایندەر، لە هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان و ژمارەیەک لە سەرکردە و پەرلەمانتارانی دەمپارتیش ئامادهی بوون.