ڕاستەوخۆ

بنیامین نەتەنیاهۆ: تورکیا هەزاران کوردی کوشتووە ودەستی بەسەر سووریاشدا گرتووە

reset font size increase font size

لە کاتی وتارەکەیدا لە خولی 81ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بەرزاییەکانی جۆلان خاکی ڕەسەنی جووەکانە، ڕەخنەی توندیش لە تورکیا و دەسەڵاتدارانی سووریا دەگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەشێک لە دیپلۆماتکاران لە هۆڵەکە کشانەوە.

بنیامین نەتەنیاهۆ لە سەرەتای وتارەکەیدا هێرشی توندی کردە سەر ئێران و ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە کارێکی قورس بوو، بەڵام بڕیارێکی پێویست بوو و گوتی: "ئەگەر ئەوەمان نەکردایە، هەموومان مردبووین."

 لە کاتی چوونەسەرتەکەی بۆ سەر مینبەر، لە کاتێکدا بەشێک لە ئامادەبووان بە درووشمی "گەلی ئیسرائیل دەژی" پێشوازییان لێ کرد، ژمارەیەکی بەرچاو لە دیپلۆماتکاران هۆڵی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت. ناتانیاهۆش لە وەڵامدا گوتی: "ئگەر کەسانی تری ترسنۆکی ئەخلاقی هەن کە هێشتا ئەم هۆڵەیان نەکردووەتە دەرەوە، تکایە ئێستا بڕۆن."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا ڕووی لە بەرپرسانی سووریا کرد و جەختی کردەوە کە دەبێت بزانن بەرزاییەکانی جۆلان خاکی ڕەسەنی جووەکانە، هەروەها هێرشی توندی کردە سەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و گوتی: "تورکیا هەزاران هاووڵاتیی کوشتووە، دەیەوێت دەست بەسەر سووریاشدا بگرێت و دەڵێت قودسیش دەگرم، بەڵام نەخێر، ناتوانیت." ئەردۆغانی بەوەش تۆمەتبار کرد کە "زۆردارێکە" درۆ هەڵدەبەستێت و پشتیوانی لە حەماس دەکات.

سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ نیویۆرک زۆر کورتە و تێیدا هیچ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە مانگی داهاتوودا ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی هەستیار دەبێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین، بەهۆی ئەوەی ڤیزەی چوونە ناو ئەمریکای پێنەدرابوو، لە ڕێگەی ڤیدیۆوە وتارێکی پێشکەش کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئیسرائیل بەرپرس بکات و پرۆسەی ئاشتیی دوو دەوڵەتی بپارێزێت، لە کاتێکدا نزیکەی سێ ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی غەززەدا تێدەپەڕێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.