بەهۆی بەردەوامیی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پێکهاتەی شیعە، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی خۆی بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران دواخست، وادە یاساییەکەش بەرەو کۆتایی دەچێت.
میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوەکانی نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویانکردەوە، هاوپەیمانییەکە ئەو کۆبوونەوەی دواخست کە بڕیاربوو ئەمشەو بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیران ئەنجامبدرێت.
بەهۆی ناکۆکییەکان و نەبوونی ڕیکاری هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران لەناو پێکهاتەی شیعە، کۆبوونەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی دواخراوە و هیچ کاتێکیش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە دیارینەکراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی دەستوری عێراق پێویستە لە ماوەی 15 رۆژ دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کاندیدی سەرۆکوەزیران لەلایەن گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە شیعەکانن دیاری بکرێت. بەڵام تا ئێستا ناکۆکییەکانی نێو پێکهاتەی شیعە بەردەوامە و هیچ کەسێک بە فەرمیی کاندید نەکراوە.
ئەگەرچی بە گوێرەی دەستور ئەمشەو کاتژمێر 12 وادەی یاسایی بۆ راسپاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆتایی دێت، بەڵام پسپۆڕانی یاسایی پێیانوایە چوارچێوەی هەماهەنگی کەڵک لە بڕیارێکی پێشووتری دادگەی فیدراڵی وەربگرێت کە رۆژانی پشووی فەرمیی لە هەژمارکردنی وادە دەستوورییەکان دەرکردووە.
بە گوێرەی ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی و بوونی چوار ڕۆژ پشووی فەرمی لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوە تاوەکو ئێستا، پێدەچێت وادەکە تا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو درێژ بکرێتەوە.